ئەردۆغان: نەتەنیاهوو خوێنمژە و ئەمریکا و ئەورووپاش بەرپرسن لە کۆمەڵکوژیی غەززە

29-05-2024
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری تورکیا سەبارەت بە شەڕی غەززە رەخنەی تووندی لە ئیسرائیل گرت و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتەی بە "خوێنمژ" وەسفکرد.
 
ئەمڕۆ (چوارشەممە، 29ـی ئایار) رەجەب تەیب ئەردۆغان، لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمان گوتارێكی پێشکێشکرد و بەشێکی زۆری گوتارەکەی بۆ شەڕی غەززە تەرخان کرد.
 
ئاماژەی بەوەدا، پێویستە جیهان رێگە لە کۆمەڵکوژیی غەززە بگرێت و ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپای بە بەرپرسیار دا نا.
 
سەرۆکۆماری تورکیا کە لە هەمانکاتدا سەرۆکی ئاکپارتییە، بانگەوازی لە وڵاتانی ئیسلامی کرد و داوای هەڵوێستی هاوبەشی لە دژی ئیسرائیل کرد.
 
گوتەکانی ئەردۆغان لەکاتێکدان شەوی یەکشەممەی ئەم هەفتەیە سوپای ئیسرائیل هێرشێکی فراوانی بۆ سەر شاری رەفەح لە باشووری غەززە دەستپێکرد. تەندروستیی غەززە رایگەیاند "لە کوشتارگەکەی رەفەح" 45 کەس لە ئاوارەکان کوژران؛ 23ـیان ژن، منداڵ و بەساڵاچوو بوون و 249 کەسی دیکە برینداربوون.
 
سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی هێرشەکەوە دەڵێ فڕۆکەیەکی جەنگییان هێرشی کردووەتە سەر کۆمەڵگەیەکی حەماس، "کە جموجۆڵیان تێدا هەبووە."
 
پێش جەنگ، ژمارەی دانیشتووانی رەفەح 275 هەزار کەس بوو، ئێستا بەهۆی ئاوارەبوونی هاووڵاتییانی باکوور و نێوەڕاستی کەرتی غەززە، بووەتە ملیۆنێک و 400 هەزار کەس.
 
جەنگی غەززە لە حەوتی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووەوە بەردەوامە، بەگوتەی وەزارەتی تەندروستی غەززە، لەوکاتەوە زیاتر لە 36 هەزار فەلەستینی کوژراون و نزیکەی 80 هەزار کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
دەقی گوتەکانی ئەردۆغان:
 
لەسەر رووی زەوی وەڵاهی هیچ ئایینێک ناتوانێت شەرعیەت بدات بەم دڕندەییە. پەڕاندنی سەری منداڵێکی بێتاوان، کوشتنی خەڵکی سڤیل بە سووتاندنیان لە خێمەدا، هیچ باوەڕێک، هەرچەندە خراپ بێت، هیچ ئایدۆلۆژیایەک رەوای نابینێ و ناتوانێت رەوایی پێبدات. جیهان تەماشای دڕندەیی نەخۆش و گەمژە و دەروونپیسی نەتەنیاهوو دەکات کە لەسەر خوێن دەژی و لە پەخشی راستەوخۆدا تەماشای دەکات. هۆ دەوڵەتی ئەمریکا، تۆ دەستت لەم خوێنەدایە، لانیکەم هێندەی ئیسرائیل بەرپرسیاریت لەم کۆمەڵکوژییە. هۆ سەرۆکی دەوڵەتان و حکومەتەکانی ئەورووپا، ئێوەش بوونەتە هاوبەشی جینۆساید و دڕندەیی و خوێنڕشتنی ئیسرائیل، چونکە بێدەنگ بوون. لە نەخۆشخانە و قوتابخانە و مزگەوتیاندا بێدەنگ بوون، لە کاروانی هاوکارییان دا بێدەنگ بوون، لە رۆژنامەڤان و پزیشک و کارمەندانی فریاگوزاریان دا بێدەنگ بوون. لە حەوشەی نەخۆشخانە گۆڕی بەکۆمەڵ دەرکەوت، کاردانەوەتان نەبوو. باسی حەماستان کرد و بە ئاشکرا پشتگیری ئیسرائیلتان کرد.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە