تۆنی بلێر دەگەڕێتەوە گۆڕەپانی سیاسی؛ سەرکردایەتیی غەززەی دوای جەنگ دەکات

29-09-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

تۆنی بلێر، سەرۆکوەزیرانی پێشووی بەریتانیا بە پلانێکی 21 خاڵی بۆ ئیدارەدانی کەرتی غەززەی دوای جەنگ، بووەتە یاریزانێکی سەرەکی لە داهاتووی ئەو کەرتە و نەخشەڕێگەکەی کاریگەریی لەسەر سیاسەتی داهاتووی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە دروستکردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پرسیار و گومانێکی زۆر لەسەر رۆڵی داهاتووی ئەو سیاسەتڤانە هەیە.
 
سەرۆکوەزیرانی پێشووتری بەریتانیا کە لە ساڵی 2007 دەستی لەکار کێشایەوە، جارێکی دیکە گەڕاوەتەوە بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بەڵام ئەمجارە نەک بۆ سیاسەتی وڵاتەکەی، بەڵکو بۆ داڕشتنی داهاتووی یەکێک لە گەرمترین مژاری ناوچەکە، کە ئەویش کەرتی غەززەیە.
 
بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریکی، بلێر بووەتە کەسایەتییەکی سەرەکی لە گفتوگۆ نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە چارەنووسی غەززە و پێشنیازەکانی کاریگەرییەکی بەرچاویان لەسەر پلانەکانی داهاتووی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بۆ ئەو کەرتە هەیە.
 
دەسەڵاتێکی راگوزەری نێودەوڵەتی بۆ غەززە
 
لە پلانە 21 خاڵیەکەیدا بلێر داوای دامەزراندنی "دەسەڵاتێکی راگوزەری نێودەوڵەتی لە غەززە" دەکات. بەگوێرەی پلانەکە، ئەو دەستەیە بەرپرسیارێتی بەڕێوەبردنی کەرتی غەززە لەدوای ئاگربەست دەگرێتە ئەستۆ.
 
دەستەکە، لە کۆمەڵێک لە شارەزایانی نێودەوڵەتی، بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکان، نوێنەرانی وڵاتانی عەرەب و تەکنۆکراتەکانی فەلەستین پێکدێت و ئەرکیان سەرپەرشتیکردنی کاروباری رۆژانەی کەرتەکە دەبێت.
 
لە لایەکی دیکەوە، چاوەڕوان دەکرێت وڵاتانی کەنداو، بەتایبەتی سعودیە، ئیمارات و قەتەر، سپۆنسەری پرۆژە گەورەکانی ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززە بکەن.
 
بلێر؛ یەکەم سەرکردەی غەززەی دوای جەنگ
 
بەگوێرەی رۆژنامەی واشنتن پۆست، کە لە زاری چەند بەرپرسێکی ئەمریکییەوە وەریگرتوون، باس لەوە دەکەن کە خودی تۆنی بلێر رابەرایەتیی ئەو دەسەڵاتە راگوزەرە نێودەوڵەتییە دەکات و وەکو هاوئاهەنگیکارێکی ستراتیژی لەنێوان وڵاتان و رێکخراو و ئاژانسە نێودەوڵەتییەکان و ئیدارەی نێوخۆیی فەلەستین دا کار بکات.
 
لایەنگرانی سەرۆکوەزیرانی پێشووتری بەریتانیا پێیانوایە، بەهۆی ئەزموونە دەوڵەمەندەکەی لە پرۆسەی نێوەندگیری و رۆڵی پێشووی وەکو نێردەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، کەسێکی گونجاوە بۆ ئەو قۆناخەی کەرتی غەززە.
 
بلێر هێڵی سوورە بۆ فەلەستینییەکان
 
لە ئێستاوە بلێر رووبەڕووی رەخنەی تووند بووەتەوە. زۆرێک لە فەلەستینییەکان بە گومانێکی زۆرەوە تەماشای ئەو دەکەن، چونکە بە هاوپەیمانێکی نزیکی ئیسرائیل دەیبینن، هەروەها رۆڵیشی لە جەنگی عێراق لە ساڵی 2003 هەبووە.
 
چاودێرانی سیاسیی هۆشدارییان داوە بە دانانی کەسایەتییەکی وەکو بلێر و ئیدارەدانی کەرتی غەززە، دژایەتییەکەی فەلەستینییەکان زیاتر دەبێت و رەوایەتیی هەر دەسەڵاتێکی راگوزەریش لاواز دەکات.
 
دەسەڵاتی فەلەستینی و سازشەکەی بلێر
 
رۆڵی دەسەڵاتی فەلەستین کێشەیەکی دیکەی گەورەیە بۆ جێبەجێکردنی پلانەکەی بلێر. سەرکردەکانی ئیسرائیل، بەتایبەتی نەتەنیاهووی سەرۆکوەزیران، بەردەوام دژایەتیی گەڕانەوەی دەسەڵاتی فەلەستینی بۆ غەززە دەکەن، بە بیانووی ئەوەی فەتح و مەحموود عەباس جارێکی دیکە بەهێز دەبنەوە.
 
لە بەرامبەردا، عەباس و هاوپەیمانانی رەتیدەکەنەوە دەسەڵاتێکی غەیرە فەلەستینی ئەو کەرتە بەڕێوەببەن و پێیانوایە سەروەریی خاکی فەلەستین لاواز دەکات. بۆ ئەم مەبەستەش پلانەکەی بلێر هەوڵی سازشێک دەدات، بەوەی دەسەڵاتە راگوزەرەکە لە کۆتاییدا دەسەڵات دەداتەوە دەسەڵاتێکی فەلەستینی، کە چاکسازیی لە خۆیدا کردبێت و بەهێز بێت.
 
ئیدارەی ترەمپ و پلانەکەی بلێر
 
ئەمریکا گرنگییەکی زۆری بە پێشنیازەکان و پلانەکەی بلێر داوە، بەشێک لە پڕۆژەکەی لە پلانی غەززەی ئیدارەی ترەمپ دا رەنگی داوەتەوە، کە جەخت لەسەر ئیدارەیەکی راگوزەر بە سەرپەرشتیی لایەنی نێودەوڵەتی و پشتگیریی دارایی وڵاتانی عەرەبی دەکاتەوە. واشنتن ئەمە وەک رێگەیەک دەبینێت بۆ تێپەڕاندنی ناکۆکییەکانی نێوان ئیسرائیل و لایەنە فەلەستینییەکان، لەگەڵ دڵنیابوون لەوەی پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە بە خێرایی بەڕێوەبچێت.
 
بەڵام ئاڵنگارییە گەورەکانی بەردەم ئەو پلانە هەر ماون. حەماس، کە هێشتا پشتیوانییەکی بەرچاوی لەنێو فەلەستین هەیە، لە دەرەوەی گفتوگۆکانە و رەتیکردووەتەوە دەسەڵاتێکی بیانی لە غەززە هەبێت.
 
دابەشبوونی غەززە و گەڕانەوەی بلێر
 
پرسی بەڕێوەبردنی غەززە لە کاتێکدایە، ناوچەیەکی فراوانی ئەو کەرتە وێران بووە. نزیکەی دوو ساڵ جەنگی وێرانکاریی نێوان ئیسرائیل و حەماس زۆربەی کەرتەکەی کردووەتە داروپەردوو، نزیکەی دوو ملیۆنێک دانیشتووی کەرتەکەی ئاوارە کردووە و قەیرانێکی گەورەی مرۆیی لە جیهاندا دروست کردووە.
 
پسپۆڕانی سیاسی پێیانوایە، گەڕانەوەی بلێر ئاماژەیە بەوەی چۆن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەدوای نێوەندگیرانی بەئەزموون و دیاردا دەگەڕێن بۆ داڕشتنی داهاتوویەکی سەقامگیر لە غەززە، بەڵام پرسیارە گەورەکە ئەوەیە: ئایا نێوبانگ و ئەزموونی رابردووی بلێر، رێگە بەوە دەدات، ئەو رۆڵە بە شێوەیەکی کاریگەر و سەرکەوتوو بەڕێوەبەرێت؟
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە