هەسەدە: سەردانی مەزڵووم عەبدی بۆ دیمەشق دواخرا

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

 

ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات رایگەیاند، سەردانی مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە و شاندی دانوستاندنکاری بەڕێوەبەریی خۆسەر بۆ دیمەشق کە بڕیاربوو ئەمڕۆ بکرێت، بۆ کاتێکی نادیار دواخرا.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە، بڕیاربوو ئەمڕۆ یەکشەممە، 29ـی کانوونی یەکەمی 2025، مەزڵووم عەبدی بە یاوەری شاندێکی باڵای دانوستاندنکاری باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا سەردانی دیمەشق بکات، بەڵام سەردانەکە بەهۆی "هۆکاری تەکنیکی و لۆجیستییەوە" بۆ کاتێکی دیکە دواخراوە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "دواخستنی سەردانەکە تەنیا پەیوەندی بە رێکارە لۆجیستی و تەکنیکییەکانەوە هەیە و هیچ گۆڕانکارییەک لە ئامانجەکانی سەردانەکە و کارنامەی گفتوگۆکاندا رووی نەداوە."
 
ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە ئاماژەی بەوەش کردووە، لە داهاتوویەکی نزیکدا و دوای هاوئاهەنگی لەنێوان لایەنە پەیوەندیدارەکان، کاتێکی نوێ بۆ سەردانەکە و دەستپێکردنی گفتوگۆکان دیاری دەکرێت.
 
ئەم سەردانە چاوەڕوانکراوەی مەزڵووم عەبدی بۆ دیمەشق، لە کاتێکدایە کە سووریا بە دۆخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت و چاوەکان لەسەر ئەنجامی گفتوگۆکانی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و حکومەتی سووریان بۆ رێککەوتنێکی سیاسی.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە