رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
دووکەڵ لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کوێت بەرز دەبێتەوە. وێنە: ئەسعەد/ شینخوا/ زوما پرێس
رووداو دیجیتاڵ
دەوڵەتی کوێت رایگەیاند، بەهۆی هێرشێکی ئێران بۆ سەر باڵەخانەیەکی خزمەتگوزاری لە وێستگەیەکی بەرهەمهێنانی کارەبا و شیرینکردنی ئاو، کارمەندێکی بە رەگەز هیندی گیانی لەدەستداوە و زیانێکی زۆری مادیش بەر شوێنەکە کەوتووە.
فاتیمە عەباس جەوهەر حەیات، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا و ئاو و وزەی نوێبونەوەی کوێت، بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە، 30ـی ئاداری 2026، لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "تیمە تەکنیکییەکان و تیمەکانی فریاکەوتن دەستبەجێ بەپێی پلانەکانی باری نائاسایی دەستیان بە کارەکانیان کردووە بۆ چارەسەرکردنی شوێنەوارەکانی رووداوەکە و دڵنیابوونەوە لە بەردەوامیی کارەکان. هەروەها هاوئاهەنگی تەواو لەگەڵ لایەنە ئەمنییەکان هەیە بۆ پاراستنی ناوچە زیانلێکەوتووەکان".
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای کوێت، جەختیشی کردەوە کە سەقامگیریی سیستمی کارەبا و ئاو لە پێشینەی کارەکانیانە و تیمەکان بە شەو و رۆژ لە ئەرکدان بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر بارودۆخێکی کتوپڕ.
وەزارەتی بەرگریی کوێتیش رایگەیاند، لە چەند کاژێری رابردوودا هێزە چەکدارەکانیان 14 مووشەکی بالیستی و 12 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی "دوژمنکارانە"یان لە ئاسمانی کوێتدا بینیوە.
وەزارەتی بەرگری روونیکردەوە، هەندێک لەو هێرشانە یەکێک لە سەربازگەکانی سەر بە هێزە چەکدارەکانیان کردووەتە ئامانج، بەهۆیەوە 10 سەرباز بریندار بوون و ئێستا لەژێر چارەسەری پزیشکیدان، جگە لەوەی زیانی مادی بەر شوێنەکە کەوتووە.
هەروەها ئاماژە بەوە دراوە کە چەند کۆگایەکی کۆمپانیایەکی لۆجستی کەرتی تایبەت کراونەتە ئامانج و زیانی مادییان پێگەیشتووە.
هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر وڵاتانی کەنداو، چڕبوونەتەوە بۆ سەر کەرتی وزە و ئابووری وڵاتان.
ئەمە لە کاتێکدایە، پێشتر حکومەتی کوێت رایگەیاندبوو ئەو هێرشانەی کە دەکرێنە سەر وڵاتەکەی لە خاکی عێراقەوەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ