رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی وەزیرانی کۆمکاری عەرەبی، داوای لە ئێران کرد بە شێوەیەکی دەستبەجێ و تەواو قەرەبووی هەموو ئەو زیانانە بکاتەوە کە بەهۆی هێرشەکانییەوە بەر وڵاتانی عەرەبی کەوتوون. هەروەها جەختی لە رەتکردنەوەی بەردەوامیی تاران لە پڕچەککردن و دابینکردنی دارایی بۆ گروپە چەکدارەکان لە ناوچەکەدا کردەوە.
ئەنجوومەنی کۆمکاری عەرەبی لەسەر ئاستی وەزیران کۆبوونەوەیەکی نائاسایی لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە، ئێوارەی یەکشەممە 29ـی ئاداری 2026، بە سەرۆکایەتیی عەبدولەتیف بن راشد زیانی، وەزیری دەرەوەی بەحرێن ئەنجامدا، بۆ تاوتێکردنی ئەو هێرشانەی کە کراونەتە سەر سەروەریی هەشت وڵاتی عەرەبی.
سەرکۆنەکردنی هێرشە "ستەمکارییەکان"
لە راگەیاندراوی کۆتایی کۆبوونەوەکەدا هاتووە، ئەنجوومەنەکە بە تووندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە مووشەکی و فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی ئێران دەکات کە لە 28ـی شوباتی 2026ـەوە بە شێوەیەکی "ستەم و ترسنۆکانە" کراونەتە سەر وڵاتانی (ئوردن، ئیمارات، بەحرێن، سعودیە، عومان، قەتەر، کوێت و عێراق). ئەنجوومەنەکە ئەم هێرشانەی بە پێشێلکردنی روونی یاسا نێودەوڵەتییەکان و بنەماکانی دراوسێیەتی باش وەسف کرد.
" قەرەبووکردنەوەی دەستبەجێ"
کۆمکاری عەرەبی داوای کرد کە دەبێت کۆماری ئیسلامیی ئێران قەرەبوویەکی تەواو، کاریگەر و دەستبەجێ پێشکێشی هەموو قوربانییەکان بکاتەوە بەرامبەر ئەو زیانە گیانی و مادیانەی کە بەر ژێرخانە هەستیارەکان، وەک وێستگەکانی وزە، ئاو، فڕۆکەخانە و باڵەخانە مەدەنییەکان کەوتوون. راشیگەیاند کە ئاسایشی نەتەوەیی عەرەبی یەک پاکێجە و دەستدرێژی بۆ سەر هەر وڵاتێک وەک دەستدرێژی بۆ سەر هەمووان دەبینرێت.
رەتکردنەوەی پڕچەککردنی گروپەکان و پرسی لوبنان
لە بەشێکی دیکەی راگەیاندراوەکەدا، ئەنجوومەنەکە رەتیکردەوە کە ئێران بەردەوام بێت لە پڕچەککردن و جوڵاندنی گروپە چەکدارەکان (میلیشیاکان) لە وڵاتانی عەرەبیدا. هاوکات دەستخۆشی لە بڕیارەکەی حکومەتی لوبنان کرد بۆ قەدەخەکردنی چالاکییە سەربازییەکانی حیزبوڵڵا و سنووردارکردنی چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەت و سوپای لوبناندا، بۆ پاراستنی سەروەریی ئەو وڵاتە.
پاراستنی رێڕەوە ئاوییەکان و تەنگەی هورمز
وەزیرانی دەرەوەی عەرەب هۆشدارییان دا لە هەوڵەکانی ئێران بۆ داخستنی تەنگەی هورمز یان تێکدانی هاتوچۆی کەشتیوانی لە بابولمەندەب و ئاوە نێودەوڵەتییەکان.
داوایان لە تاران کرد پابەندی بڕیاری ژمارە 2817ـی ئەنجوومەنی ئاسایش بێت و هێرشەکانی بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان رابگرێت، چونکە ئەمە مەترسییەکی گەورە لەسەر ئابووری جیهان و دابینکردنی وزە دروست دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ