رووداو دیجیتاڵ
ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا (MIT) بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی ئەو پڕۆژەیەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا تایبەت بە غەززە خستوویەتییەڕوو، لە قەتەرە.
ئاژانسی هەواڵیی دەوڵەتی تورکیا بڵاویکردەوە، ئیبراهیم کاڵن لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار لە قەتەر پڕۆژەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ غەززە تاوتوێ دەکات.
پێشتر ماجید ئەنساری، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە دەوحە رایگەیاندبوو، تورکیا بەشداری لە گفتوگۆکانی تایبەت بە ئاگربەستی غەززە و پڕۆژە گشتگیرەکەی دۆناڵد ترەمپ دا دەکات و گوتی: "قەتەر، میسر و تورکیا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە، بەشێوەیەکی هاوبەش و هاوئاهەنگ هەوڵەکانیان دەخەنەگەڕ".
رۆژی 29ی ئەیلوولی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە کۆشکی سپی کۆبوونەوە. پلانی ترەمپ بۆ ئاگربەستی غەززە یەکێک بوو لەو پرسانەی گفتوگۆیان لەبارەوە کرد.
بە گوێرەی راگەیێندراوی کۆشی سپی، دوای راگەیاندنی ئاگربەست، دەبێ هەموو ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای ئیسرائیل رابگیرێن و لە کەرتەکەش بکشێنەوە؛ هەروەها رۆژانە هاوکاریی مرۆیی پێویست بگەیێندرێتە کەرتەکە و لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە دابەشبکرێن.
هەر بەگوێرەی پلانەکەی ترەمپ، دوای جەنگ غەززە لەلایەن دەسەڵاتێکی راگوزەر لەژێر سەرپەرشتیی ئەمریکا بە هاوبەشی لەگەڵ وڵاتانی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبی و ئەورووپی بەڕێوەدەبرێ.
حەماسیش نابێ وەکو گرووپێکی چەکدار لەو کەرتە بمێنێت. دەبێت چەکدارانی وازبێنن و رێگەیان پێدەدرێت غەززە جێبهێڵن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ