رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل جارێکی دیکە ئاگربەستی لەگەڵ حەماس رەتکردەوە و دەڵێت، "ئێران حەماس پارەدار دەکات" و پێیوایە راگرتنی شەڕ کاردانەوەی خراپی بەتەنیا لەسەر ئیسرائیل نابێت. دەشڵێت، ئاگربەست بە واتای خۆبەدەستەوەدان بەرامبەر بە حەماس دێت.
شەوی دووشەممە، 30-10-2023، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: پێشنیازی ئاگربەست بە واتای خۆبەدەستەوەدان بەرامبەر بە حەماس دێت، بەڵام ئێمە ئەو ناکەین و سەردەکەوین."
نەتەنیاهوو گوتیشی، "من دووجار لەگەڵ خانەوادەی بەدیلیگراوەکان کۆبوومەتەوە و هەست بە ئازارەکانیان و نیگەرانییەکانیان دەکەم، بەڵام هێرشی زەوینی دەرفەت دروستدەکات بۆ رزگارکردنی بەدیلگیراوان، چونکە حەماس ئەو کارە ناکات و دەبێت گوشاری بخرێتەسەر، دوێنێ پێشوازیمان لە بەدیلگیراوێک کرد کە دوای ئۆپەراسیۆنێکی سوپا و هەواڵگری رزگارکرا."
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە 24ـەمین رۆژی شەڕ، لە کۆنفڕانسەکە رۆژنامەڤانییەکەیدا هێرشیکردە سەر ئێران و بە پاڵنەری حەماس ناویهێنا و گوتی: "ئێران جەمسەری خراپەکاری و تۆقاندنە و کار لەسەر پارەدارکردنی حەماس دەکات."
لە وەڵامی کوشتنی هاووڵاتیانی مەدەنی لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە، نەتەنیاهوو گوتی: "حەماس رێگری لە هاووڵاتیان دەکات خۆیان رزگاربکەن و ئەو دەیەوێت خەڵک لە ناوچەی ناکۆکی و شەڕ بمێننەوە، ئێمە هەموو کارێک دەکەین بۆ پارێزگاری لە ژیانی خەڵکی."
نەتەنیاهوو هێرشێکی سوپای بەریتانیای لەساڵی 1944 بە پاساو هێنایەوە بۆ بەرکەوتن و کوشتنی مەدەنییەکان و گوتی لەو ساڵەدا فڕۆکەوانێکی بەریتانی بەهەڵە نەخۆشخانەیەکی کردە ئامانج و 84 کەسی کوشت.
سەبارەت بەراگرتنی شەڕیش، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتی: "ناکرێت شەڕ رابگرین، چونکە ئەو کاردانەوەی بەتەنیا بۆ وڵاتەکەی ئێمە نییە بۆ وڵاتانی دیکەشە، ئەمڕۆ شەڕی شارستانییەتە لە دژی بەربەرییەت." گوتیشی: "ئیسرائیل بە ئاگربەست لەگەڵ حەماس رازی نابێت."
لە 7ی ئۆکتۆبەر حەماس هێرشیکردە سەر ناوچەکانی سنووری غەززە و زیاتر لە 1400 ئیسرائیلی کوژران و 239 ئیسرائیلی بە بارمتە گرت، کۆمەڵێک وڵات نێوەندگیری دەکەن بۆ ئازادکردنی بارمتەکانی ئیسرائیل و تائێستا حەماس بەبێ مەرج 4 دیلی ئازاد کردووە، هەروەها ئاماژەی بەوەداوە کە نزیکەی 50 بارمتەی ئیسرائیل لە ئاکامی بۆردوومانەکانی ئیسرائیل کوژراون، کوژراوانی فەلەستینیش 8 هەزار و 382 کەس و زیاتر لە 21 هەزار بریندار دەبن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ