نووسینگەی میدیای حکومیی غەززە بۆ رووداو: 35 رۆژنامەڤانی فەلەستینی بەهۆی شەڕەوە کوژراون

31-10-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

بەرپرسی نووسینگەی میدیای حکومی لە غەززە رایگەیاند، لەماوەی 24 رۆژی شەڕدا 35 رۆژنامەنووسی فەلەستینی کوژراون و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون. ئەمینداری گشتیی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی رۆژنامەنووسانیش دەڵێت، پێویستە هەموو ئەوانەی شەڕ دەکەن رێز لە یاسای نێودەوڵەتی بگرن.
 
شەوی دووشەممە، 30-10-2023، سەلامە مەعرووف، بەرپرسی نووسینگەی میدیای حکومی لە غەززە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لەسەرەتای شەڕەوە لە رۆژی 7ـی ئۆکتۆبەرەوە تاوەکو ئەمڕۆ 30ـی ئۆکتۆبەر 35 رۆژنامەنووسی فەلەستینی لە کەرتی غەززە شەهیدبوون و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون."
 
سەلامە مەعرووف گوتیشی: "بەداخەوە بەشێک لەو رۆژنامەنووسانە لەکاتی رووماڵکردنی رووداوەکان گیانیانلەدەستدا، ئیسرائیل جیاوازی لەنێوان رۆژنامەنووسان و هاووڵاتیان و چەکدار ناکات، بۆیە هەموو کەسێک لە غەززە و فەلەستین دەکاتە ئامانج، لەکاتێکدا بەشێکی ئەو رۆژنامەنووسانە بۆ میدیای دەرەوەی فەلەستین کاریان دەکرد."
 
بەرپرسی نووسینەگەی میدیای حکومی لە غەززە، لە لیستێکدا ناوی ئەو رۆژنامەنووسانەشی بڵاوکردووەتەوە کە ئەمانەن:
 
- محەممەد ئەبو رزق
- هیشام نەواجحە
- سەعید تەویڵ
- ئەسعەد شملخ
- محەممەد جرغون.
- ئیبراهیم لافی
- محەممەد ساڵحی
- هانی مەدهون
- حوسام موبارەک
- عەبدولڕەحمان شەهاب
- ئەحمەد شەهاب
- رەجەب نەقیب
- محەممەد ئەبو مەتەر
- عائید نەجاڕ
- خەلیل ئەبو عازرە
- سەمیح نادی
- ئەنەس ئەبو شەمالە
- عەلی نەسمان
- عەبدولهادی حەبیب
- محەممەد بەعلووشە
- عیسام بەهار
- محەممەد حەسەنی
- روشدی سەڕاج
- ئەحمەد مەسعود
- محەممەد عیماد لەبد
- ئیمان عقیلی
- محەممەد عەلی
- مەحمود ئەبو زەریفە
- سەلام میمە
- دوعا شەرەف
- سەلما مخێمر
- یاسر ئەبو نامووس
- ئەحمەد ئەبو مهادی
- جەمال فەقعاوی
- سائد حەلەبی
 
فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی رۆژنامەنووسان، داوای لە حکومەتی ئیسرائیل کرد بەتەواوەتی پابەندی یاسای مرۆیی و نێودەوڵەتی و یاسای نێودەوڵەتیی مافەکانی مرۆڤ ببێت و "کار بکات رێگە لە کردنی تاوان بگرێت."
 
رۆژی 30ـی ئۆکتۆبەری 2023، ئەنتنی بێلانگەر، ئەمینداری گشتیی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی رۆژنامەنووسان، رایگەیاند: "پێویستە هەموو ئەوانەی شەڕ دەکەن رێز لە یاسای نێودەوڵەتی بگرن شەڕەکە هەرچەندە تووند و مەترسیدار بێت، قبوڵکراو نییە حکومەتی ئیسرائیل خۆی بێبەری بکات لە بەرپرسیارێتییەکانی بەپێی یاسای نیودەوڵەتی لە رێگەی راگەیێندراوێکی رۆژنامەوانییەوە."
 
ئەنتنی بێلانگەر گوتیشی: "پیشەی رۆژنامەڤانی پشت بەوە دەبەستێت هەر تاکێک مافی گەیشتنی بە زانیاری و تێگەیشتن هەیە و ئەوەش مافێکە مادەی 19ـی جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤی نێودەوڵەتی بڕیاری لەبارەوە داوە و پێویستە ئیسرائیل رێز لەوە بگرێت."
 
لە 7ی ئۆکتۆبەر حەماس هێرشیکردە سەر ناوچەکانی سنووری غەززە و زیاتر لە 1400 ئیسرائیلی کوژران و 239 ئیسرائیلی بە بارمتە گرت، کۆمەڵێک وڵات نێوەندگیری دەکەن بۆ ئازادکردنی بارمتەکانی ئیسرائیل و تائێستا حەماس بەبێ مەرج 4 دیلی ئازادکردووە، هەروەها ئاماژەی بەوەداوە کە نزیکەی 50 بارمتەی ئیسرائیل لە ئاکامی بۆردوومانەکانی ئیسرائیل کوژراون، بەڵام ئیسرائیل ئەو زانیارییەی حەماسی پشتڕاستنەکردووەتەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە