رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، دیداری نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ شای بەریتانیا و پێشوازیی گەرمی سەرۆکی ئیمارات لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان، دەرخەری زیندوویی پێگەی هەرێمی کوردستان و کاریگەرییەکەین.
شەوی پێنجشەممە، 30ـی تشرینی دووەمی 2023، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە دوبەی گوتی، هەریەکە لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی بانگهێشتکراون بۆ بەشداربوون لە کۆنفرانسی گۆڕانی کەشوهەوا.
دڵشاد شەهاب گوتی، ئامادەبوونی هەرێمی کوردستان لە لووتکەکەدا لە دوو رووەوە گرنگیی خۆی هەیە؛ "یەکەمیان، ئامادەبوونی سیاسیی هەرێمی کوردستان لەو لووتکەیەدا و دووەمیشیان، عێراق یەکێکە لەو پێنج وڵاتانەی کە هەڕەشەی زۆری لەسەرە لە رووی گۆڕانی کەشوهەوا."
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان گوتیشی، لە رۆژانی داهاتوودا سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی بەشدار لە کۆنفرانسەکەدا چەند دیدارێکیان دەبێت.
رۆژی پێنجشەممە، 30-11-2023 نێچيرڤان بارزانى، سهرۆكى ههرێمى كوردستان، لهسهر بانگهێشتى فهرميى شێخ محهممهد بن زايد ئال نههيان، سهرۆكى ئيمارات و بۆ بەشداریکردن لە كۆنفرانسى نهتهوه يهكگرتووهكان بۆ گۆڕانى كهشوههوا (COP28)، گەیشتە شاری دوبهى. هەروەها مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و چەند وەزیرێکیش بانگهێشتکراون.
کۆنفڕانسی گۆڕانی کەشوهەوا یاخود کۆپ 28 یەکێکە لە رووداوە هەرە دیارەکانی ساڵ کە لە دوبەیی ئیمارات بە بەشداریی سەرکردە و بڕیار بەدەستانی جیهان بەڕێوەدەچێت. مەبەست لێی هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگەکانە لە کاریگەرییە نەرێنییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و دەرکردنی چەند بڕیارێک و بەرەپێشبردنی چەند هەنگاوێکە بۆ کەمکردنەوەی ئەو هۆکارانەی گۆڕانی کەشوهەوایان بەدواوە دێت.
لە دوبەیی ئیمارات لە 30ی تشرینی دووەم تاوەکو 12ی کانوونی یەکەمی ئەم ساڵ، 200 وڵات، هەرێم و رێکخراو بەشداری لە کۆنفرانسی تایبەت بە گۆڕانی کەشوهەوا دەکەن کە بە کۆپ 28 ناسراوە.
کۆپ کورتکراوەی کۆنفرانس پارتییە واتە کۆنفرانسی ئەو لایەنانەی کە لە 1992 واژۆیان لەسەر رێککەوتنی کەمکردنەوەی دەردانی گازە گەرمکەرەکان کرد؛ ژمارەی 28یش ئاماژەیە بۆ 28ـەمین کۆنفرانس کە لە 31 ساڵی رابردوودا بەستراون.
ئاڵنگارییەکانی کەشوهەوا گەورە و قورسن و پێویستیان بە بڕیار و کرداری بە پەلەیە. ئەمە تێگەیشتنی خودی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانە کاتێك هەفتەی رابردوو سەردانێكی مەیدانیی بۆ جەمسەری باشوور کرد و توانەوەی لە رادەبەدەری بەستەڵەکانی بینی.
لە کۆپ 28ی دوبەی، سووڕانەوە بەرەو وزەی پاک و سفرکردنی گازە گەرمکەرەکان تا 2030 و دابینکردنی پارە لە وڵاتە ساماندارەکان بۆ هەژارەکان و پاراستنی ئاسایشی خۆراک، مژاری گەرمی 13 رۆژی کۆنفرانسەکە دەبن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ