وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ رووداو: سێ بانکە سزادراوەکەی عێراق پارەیان بۆ سوپای پاسداران و حیزبوڵڵا دابین دەکرد

31-01-2024
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەوان هەر گرووپێک بەرپرس بێت لە هێرشەکەی ئوردن، رووبەڕووی بەرپرسیاریێتی دەکەنەوە. گوتیشی "ئەو سێ دامەزراوەیە هاوکاریی سوپای پاسداران و حیزبوڵڵایان کردبوو."
 
رۆژی چوارشەممە، 31-1-2024، ماتیو میڵەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە وەڵامی پرسیاری دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە واشنتن، لەبارەی ئەو بانک و کۆمپانیایانەی سزادراون گوتی، "[سزادانی بانکە عێراقییەکە و سزاکانی ئەمڕۆش] بەشێکن لە هەوڵە بەردەوامەکانی ئێمە تاوەکو ئەو لایەن و کەسانە رووبەڕووی بەرپرسیاریێتی بکەینەوە کە هاوکاریی دارایی بۆ سوپای پاسداران و حیزبوڵڵای لوبنان و کردەکانیان دابین دەکەن."
 
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، سێ دامەزراوە و کەسێکیان خستووەتە لیستی سزاکانیان، دوای ئەوەی دەرکەوتووە، شتومەکی ئێرانیان فرۆشتووە و پارەکەیان بۆ سوپای پاسدارانی ئێران و حیزبوڵڵای لوبنان ناردووە.
 
هەروەها رۆژی 29ـی کانوونى دووەمى 2024، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بانکی هودای عێراقی و حەمەد یاسر موسەوی خاوەنی بانکەکەی خستە لیستی سزاکانییەوە بە تۆمەتى ئەوەى ئەو بانکە، "چەندین ساڵە لە رێگەی دەستگەیشتن بە دۆلاری ئەمریکی، هاوکاری سوپای پاسداران و گرووپە چەکدارەکانی نزیکی ئێران لە عێراق" کردووە.
 
لەبارەی هێرشەکەی سەر هێزەکانیان لە ئوردن کە سێ سەربازی ئەمریکی تێیدا کوژرا، میڵەر بە رووداوی راگەیاند، "ئێمە ئاگاداری پێگەی هەموو دامەزراوەکانین لە هەموو وڵاتەکانی ناوچەکە. سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ تیمی ئاسایشی نیشتمانی سەیری هەموو ئەو فاکتەرانەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکەن کاتێک دێتە سەر پرسی وەڵامدانەوەمان (بۆ هێرشەکەی ئوردن)، بەڵام بە روونیش رامانگەیاندووە، ئەو گرووپانەی بەرپرسبوون لە هێرشەکە، رووبەرووی بەرپرسیارێتییان دەکەینەوە."
 
رۆژی یەکشەممە، 28-1-2024، لە هێرشێکی درۆنیی بۆمبڕێژکراو بۆ سەر بنکەی تاوەر22 لە ئوردن لە نزیک سنووری سووریا سێ سەربازی ئەمریکی کوژران و لانیکەم 40ـی دیکە برینداربوون.
 
رۆژی چوارشەممە جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانیی ئەمریکا رایگەیاند، "ئەو هێرشەی کرایە سەر سەربازەکانمان لە ئوردن و سێ سەربازمان تێیدا کوژرا، لەلایەن گرووپی موقاوەمەی ئیسلامییەوە پلانیان بۆ داڕێژراوە و کراوە."
 
سێ رۆژ بوو ئەمریکا لە لێکۆڵینەوە لەو رووداوە بەردەوامبوو و پێشتریش رایگەیاندبوو، "ئێمە دەزانین ئەو هێرشە لەلایەن ئەو گرووپانەوە کراوە کە ئێران پاڵپشتییان دەکات."
 
بە گوێرەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا - پێنتاگۆن، لە 17ی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە 165 جار هێرشکراوەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، رۆژئاوای کوردستان عێراق و سووریا کە گرووپەکانی نزیک لە ئێران کە خۆیان بە موقاوەمەی ئیسلامی دەناسێنن بەرپرسیارێتی خۆیان لە زۆربەی هێرشەکان راگەیاندووە. 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە