لانیکەم 50 کەس بەهۆی بۆردوومانی سەر کەمپی جەبالیا لە غەززە گیانیان لەدەستدا

31-10-2023
شوێنی بۆردوومانەکە. وێنە: Reuters
شوێنی بۆردوومانەکە. وێنە: Reuters
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

تەندروستیی غەززە و نەخۆشخانەی ئیندۆنیزی دەڵێن، بەهۆی بۆردوومانی ئیسرائیلەوە بەلایەنی کەمەوە 50 کەس لە کەمپی ئاوارەکانی جەبالیا گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 150 کەسیش برینداربوون. گوتەبێژی سوپای ئیسرائیلیش پشتڕاستی دەکاتەوە کە فڕۆکەی وڵاتەکەی هێرشەکەی کردووە.
 
بەپێی ئەو وێنانەی کە لە شوێنی رووداوەکە گیراون، دەردەکەوێت بەشێکی زۆری کەمپەکە تەختی زەوی بووە. هاوکات چاڵێکی گەورە دروستبووە کە شوێنی مووشەکە. 
 
دانیێل هەگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل پشتڕاستی دەکاتەوە کە فڕۆکە جەنگییەکانی ئەوان بۆردوومانی کەمپی جبالیای کردووە و دەڵێت، ئامانجیان بەرپرسێکی باڵای حەماس بووە، لە ئەنجامدا بەرپرسە باڵاکە کوژراوە کە بەرپرسیار بووە لە هێرشەکانی سەر ئیسرائیل.
 
 
دەیان کەس سەرقاڵی دەرهێنانی خەڵک و تەرمی ئەوانەن کە گیانیان لەدەستداوە. لەنێو ئەو خەڵکانەی کە کەوتوونەتە ژێر داروپەردووەوە لەگەڵ تەرمەکان، منداڵیشی تێدایە.     

 

کەمپی جەبالیا گەورەترین کەمپی نێو هەشت کەمپی کۆچبەرانە و دەکەوێتە باکووری شاری غەززەوە. تاوەکو مانگی تەممووزی 2023، زیاتر لە 116 هەزار ئاوارەی فەلەستینی لەو کەمپەدا تۆمارکراون. 
 
لەدوای جەنگی ساڵی 1948ـەوە کۆچبەران لە کەمپەدا نیشتەجێبوون، هەرچەندە رووبەرەکەی بچووکە، بەڵام ژمارەیەکی زۆر باڵەخانەی نیشتەجێبوونی تێدا دروستکراوە. 
 
راغیب عەقال تەمەنی 41 ساڵانە، دانیشتووی کەمپەکەیە و بۆردوومانەکەی ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممەی بە چاوی خۆی بینیوە و دەڵێت، وەکو بوومەلەرزە بووە کە هەموو کەمپەکەی لەراندووەتەوە. 
 
ئەو شایەتحاڵە دەڵێت، "چووم وێرانکارییەکە ببینم و چەندین ماڵ بەر بۆردوومانەکە کەوتوون، دەیان کەس کەوتوونەتە ژێر داروپەردووەوە و زێدەڕۆیی ناکەم ئەگەر بڵێم سەدان کەس بوونەتە قوربانی."   

 

بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، وەزارەتی تەندروستیی غەززە دوایین ئاماری گیانلەدەستدانی خەڵکی سڤیلی بەهۆی جەنگی سێ هەفتەیی ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی فەلەستین بڵاوکردەوە و دەڵێت، هەشت هەزار و 525 کەس گیانیان لەدەستداوە. هەروەها ئیسرائیلیش دەڵێت، بەهۆی هێرشی گرووپە چەکدارەکانەوە زیاتر لە 1400 کەس گیانیان لەدەستداوە. 
 
بەپێی ئەو ڤیدیۆیانەی بڵاوکراونەتەوە، دەیان تەرم کە لەژێر داروپەردوودا دەرهێندراون، لە تەنیشت یەکدی ریزکراون و ئامادەکراون بۆ بەخاکسپاردن. 
 

 
 
بزووتنەوەی حەماس داوا لە وڵاتانی ئیسلامی و عەرەبی دەکات هەڵوێستی جیدییان هەبێت لە راگرتنی "هێرشەکانی ئیسرائیلی داگیرکار" و ئەو کۆمەڵکوژییانەی کە دژی خەڵکی سڤیل لە غەززە دەیانکات. دەشڵێت، بەهۆی بۆردوومانەکەی ئیسرائیلەوە بۆ سەر کەمپی جبالیا، زیاتر لە 400 کەس گیان لەدەستداوە و سەدان کەسیش هێشتا لەژێر داروپەردووی خانووە رووخاوەکاندان.
 
حەماس بەرپرسیارێتیی هێرشەکەی سەر کەمپی جبالیا دەخاتە ئەستۆی هەموو ئەو وڵاتانەی کە پشتیوانیی هێرشەکانی ئیسرائیل دەکەن و دەڵێت، لەپێشترینی ئەو وڵاتانەش ئەمریکایە کە 25 رۆژە پشتیوانی لەو هێرشانە دەکات.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە