رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی تەندروستیی ئێران رایدەگەیێنێت، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر تاران و چەند پارێزگایەکی دیکەی ئەو وڵاتە، حەوت نەخۆشخانە و ناوەندی دەرمانی کراونەتە ئامانج و زیانیان بەرکەوتووە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 2ـی ئاداری 2026، حوسێن کرمانپوور، سەرۆکی ناوەندی پەیوەندییە گشتییەکانی وەزارەتی تەندروستیی ئێران رایگەیاند: "لە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلدا حەوت نەخۆشخانە و ناوەندی دەرمانی لە شارەکانی ئەهواز، سەراب، چابەهار، هەمەدان و تاران کراونەتە ئامانج."
سەبارەت بە ناوی ئەو ناوەندە تەندروستییانەی زیانیان بەرکەوتووە، حوسێن کرمانپوور گوتی: "نەخۆشخانەی ئەبووزەڕ لە ئەهواز، سێ ناوەندی فریاکەوتن لە سەراب، چابەهار و هەمەدان، هەروەها نەخۆشخانەکانی خاتەم، موتەهەری و گاندی لە تاران، ئەو شوێنە تەندروستیانەن کە لە هێرشەکاندا کراونەتە ئامانج."
بەگوتەی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی تەندروستی، بەهۆی ئەو هێرشانەوە تاوەکو ئێستا برینداربوونی دوو کارمەندی تەندروستی تۆمارکراوە.
یەکێک لەو شوێنانەی کە زۆرترین زیانی بەرکەوتووە نەخۆشخانەی گاندییە لە تاران. کرمانپوور لەو بارەیەوە دەڵێت: "ئەمشەو نەخۆشخانەی گاندی کرایە ئامانج، هاوکارەکانمان ئێستا خەریکی چۆڵکردنی نەخۆشخانەکەن."
میدیای فەرمیی ئێران چەند گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا دەردەکەوێت، بەشێکی باڵەخانەی نەخۆشخانەکە و ئۆتۆمبێل و باڵەخانەکانی دەوروبەری زیانی زۆریان بەرکەوتووە. ئاژانسی (تەسنیم)ـی ئێرانیش بڵاویکردەوە، هێرشەکە دۆخێکی نائاسایی لە نەخۆشخانەکە دروستکردووە و تیمەکان خەریکی گواستنەوەی نەخۆشەکانن بۆ شوێنی پارێزراو.
نەخۆشخانەی گاندی دەکەوێتە گەڕەکی گاندیی شاری تاران؛ یەکێکە لە نەخۆشخانە گەورەکان و چەندین بەشی تایبەت بە نەخۆشییەکانی دڵ، هەناسە و منداڵبوونی تێدایە.
ئەم پەرەسەندنانە لە کاتێکدان، لە رۆژی شەممە 28ـی شوباتی 2026ـەوە، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشێکی بەرفراوانیان بۆ سەر 24 پارێزگای ئێران دەستپێکردووە و چەندین ناوەندی هەستیاریان کردووەتە ئامانج.
بەگوێرەی زانیارییەکان، لە چوارچێوەی ئەو هێرشانەدا چەندین بەرپرسی باڵای ئێران کوژراون، لەوانە: عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران؛ عەلی شەمخانی، راوێژکاری سیاسیی خامنەیی و محەممەد پاکپوور، فەرماندەی هێزی زەمینیی سوپای پاسداران.
لە بەرامبەردا، سوپای پاسدارانی ئێران بە چەندین شەپۆلی مووشەکی بالیستی و درۆن، بنکەکانی ئەمریکای لە وڵاتانی کەنداو و ئیسرائیل کردووەتە ئامانج، بەڵام هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ناوەندە جیاوازەکانی ئێران بەردەوامن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ