رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی لیژنەی کاروباری نێوخۆی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای پێشنیازکراوی حکومەت لەبارەی بەڕێوەچوونی گردبوونەوەی ناڕەزایی دەدرێت و بەپێی پڕۆژەیاساکە، رێگە بە خەڵک دەدرێت ناڕەزایی دەرببڕن.
محەممەدساڵح جۆکار، سەرۆکی لیژنەی کاروباری نێوخۆ و ئەنجوومەنەکان لە پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، "بەو رووداوانەی لە رۆژانی رابردوودا روویانداوە، زیاتر هەست بە پێویستیی دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای تایبەت بە بەڕێوەبردنی گردبوونەوە و رێپێوان دەکەن و پڕۆژەیاساکە لە کۆبوونەوەی گشتیی پەرلەمان دەخرێتە دەنگدانەوە."
جۆکار دەڵێت، "لە پڕۆژەیاساکەدا رۆڵی قایمقام و پارێزگارەکان بە روونی دیاریکراوە بۆ ئەوەی شوێنی تایبەت بە بەڕێوەچوونی ناڕەزایی بۆ خەڵکی ناڕازی دیاری بکەن." هەروەها دەڵێت، رێگە بە چین و توێژە جیاوازەکان دەدرێت، لەو شوێنانەی بۆیان دیاری دەکرێت، ناڕەزایی دەرببڕن.
کابینەی ئیبراهیم رەئیسی لە 01-05-2023 پڕۆژەیاسای 'چۆنییەتی بەڕێوەبردنی گردبوونەوە و رێپێوانەکان'ـی دایە پەرلەمان، بەڵام تاوەکو ئێستا نەخراوەتە پلانی کاری پەرلەمان و بڕیاری لەبارەوە نەدراوە.
پڕۆژەیاساکە 46 مادە لەخۆ دەگرێت و تێیدا هاتووە، بە پێی مادەی 27ـی دەستووری ئێران، گردبوونەوە و کۆبوونەوە رێگەپێدراوە ئەگەر چەکدارانە و دژ بە بنەماکانی ئایینی ئیسلام نەبێت. لە پڕۆژەیاساکەدا، رێوشوێنەکان بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی بەڕێوەبردنی گردبوونەوە و رێپێوان دیاریکراون، بەڵام ئاماژە بە خۆپێشاندان نەکراوە.
بەپێی دەستووری ئێران، پڕۆژەیاساکان ئەگەر لە پەرلەمان پەسند کران دەبێ لەلایەن ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوورەوە پەسند بکرێن بۆ ئەوەی ببن بە یاسا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ