رووداو دیجیتاڵ
میدیای فەرمیی ئێران رۆژی یەکشەممە هۆشداری دا، سەرچاوەی سەرەکیی ئاوی خواردنەوەی تاران لە مەترسیدایە لە ماوەی دوو هەفتەدا وشک بێت، ئەمەش بەهۆی وشکەساڵییەکی مێژووییەوەیە.
بەهزاد پارسا، بەڕێوەبەری کۆمپانیای ئاوی پایتەخت، بە ئاژانسی ئیرنای راگەیاندووە، بەنداوی ئەمیر کەبیر، کە یەکێکە لەو پێنج بەنداوەی ئاوی خواردنەوە بۆ پایتەخت دابین دەکەن، "تەنیا 14 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی تێدایە، کە دەکاتە 8٪ی تواناکەی."
ئەو گوتیشی، بەو ئاستە، تەنیا دەتوانێت "بۆ ماوەی دوو هەفتە" لە دابینکردنی ئاو بۆ تاران بەردەوام بێت.
شارە گەورەکەی تاران، کە زیاتر لە 10 ملیۆن کەسی تێدا دەژی، دەکەوێتە بناری باشووری زنجیرەچیای ئەلبورز، کە زۆرجار بەفری لێدەبارێت و رووبارەکانی چەندین بەنداوی پڕئاو کردووە، بەڵام وڵاتەکە لە نێوەڕاستی خراپترین وشکەساڵیدایە، کە لە ماوەی دەیان ساڵی رابردوودا وێنەی نەبووە. بەرپرسێکی ناوخۆیی مانگی رابردوو رایگەیاندبوو، ئاستی کەمی بارانبارین لە پارێزگای تاران "سەدەیەکە وێنەی نەبووە."
ساڵێک لەمەوبەر، بەنداوی ئەمیر کە بیر 86 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی تێدابوو، بەڵام بە گوتەی پارسا، "100٪ دابەزین لە بارانبارین" لە ناوچەی تاراندا روویداوە.
بەپێی میدیاکانی ئێران، دانیشتووانی تاران رۆژانە نزیکەی سێ ملیۆن مەتر سێجا ئاو بەکاردەهێنن. وەک رێکارێک بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی ئاو، لە رۆژانی رابردوودا ئاو لەسەر چەندین گەڕەک بڕدراوە و لە هاوینیشدا پچڕانی ئاو زۆر بووە.
مەسعود پزیشکیان، سەرۆکی ئێران، پێشتر هۆشداریدابوو: "قەیرانی ئاو لەوە جیدیترە کە ئەمڕۆ باسی لێوە دەکرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ