رووداو دیجیتاڵ
رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران فەرمانی لێخۆشبوون بۆ بەشێک لە دەستبەسەرکراوانی خۆپێشاندانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دەردەکات.
ماڵپەڕی فەرمیی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران رایگەیاند، عەلی خامنەیی پێشنیازی سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی ئەو وڵاتەی لەبارەی لێخۆشبوون لە ژمارەیەکی زۆر لە دەستبەسەرکراوانی خۆپێشاندان و ناڕەزاییەکانی پەسند کردووە.
بەپێی هەواڵەکە، غوڵامحوسێن موحسینی ئێژەیی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران لە نامەیەکدا بۆ خامنەیی گوتوویەتی، ژمارەیەکی زۆر لەو کەسانەی دەستبەسەر کراون کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی بانگەشەی دژبەرانی کۆماری ئیسلامی و بەشی زۆریان لە کردەوەکانیان پەشیمانن. بەپێی فەرمانەکە، دۆسیەی دادگایی ئەو کەسانە لە هەر قۆناخێکدا بێت، دادەخرێت.
لێخۆشبوونەکە ئەو کەسانە ناگرێتەوە بە "سیخوڕی"، بوونی پەیوەندی لەگەڵ دەزگا هەواڵگرییەکانی وڵاتانی دیکە، کوشتن و بریندارکردنی بە ئەنقەست و تێکدان و ئاگرتێبەردانی دامەزراوە حکومی و سەربازییەکان تۆمەتبار کراون. هەروەها ئەو کەسانەش ناگرێتەوە کە لەلایەن خەڵکەوە سکاڵایان لەسەر تۆمار کراوە.
تاوەکو ئێستا دەسەڵاتی دادوەریی ئێران ژمارەی دەستبەسەرکراوانی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکانی ئەو وڵاتەی رانەگەیاندووە.
کۆمەڵەی چالاکڤانانی مافی مرۆڤی ئێران دەڵێت، مەزندە دەکرێت 19 هەزار و 623 کەس دەستبەسەر کرابن و زانیارییەکانی زیاتر لە پێنج هەزار کەسیان تۆمارکراوە.
بەپێی راپۆرتی ئەو کۆمەڵەیە، تاوەکو ئێستا چوار کەس بەهۆی بەشداریکردن لە ناڕەزاییەکان لەسێدارە دراون و 109 کەسی دیکەش بە تۆمەتێک تۆمەتبار کراون کە سزاکەی دەتوانێ لەسێدارەدان بێت. تاوەکو ئێستا سزادانی 773 کەس بە تۆمەتی بەشداربوون لە ناڕەزاییەکان بە 13 هەزار و 957 مانگ بەندکردن سزادراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ