رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەنجوومەنی دەرمانسازانی ئێران دەڵێ، بەپێی پێشبینییەکانیان، لە سێ مانگی زستاندا کێشەی کەمیی دەرمان لەو وڵاتە زیاتر دەبێ و ژمارەی ئەو دەرمانانەی دەستناکەون، سێ بەرامبەر دەبێ.
شەهرام کەلانتەری، سەرۆکی ئەنجوومەنی دەرمانسازانی ئێران، رۆژی یەکشەممە 07-12-2025 لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، کۆمپانیاکانی بیمە و بەڕێوەبەرایەتیی دەستەبەری کۆمەڵایەتیی ئێران قەرزی دەرمانخانەکان نادەن و بەو هۆیەوە دەرمانخانەکان توانای کڕین و دابینکردنی دەرمانیان نەماوە.
کەلانتەری دەڵێ، سەرەتای هاوینی ئەم ساڵ لە باڵەخانەی سەرۆکایەتیی کۆماری ئێران کۆبوونەوەیەک بە ئامادەبوونی بەرپرسانی تەندروستی، بەڕێوەبەرانی ئەنجوومەنی دەرمانسازان، نوێنەرانی خاوەن دەرمانخانەکان و نوێنەری بەڕێوەبەرایەتیی دەستەبەری کۆمەڵایەتیی ئێران بەڕێوەچوو و بڕیار درا حکومەت 70 تریلیۆن تمەن قەرزی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بداتەوە و ئەو بەڕێوەبەرایەتییەش قەرزی دەرمانخانەکان بداتەوە.
کەلانتەری ئاماژە بەوە دەکات، حکومەت بە کاخەزی بەهادار قەرزی دەستەبەری کۆمەڵایەتی داوەتەوە، بەڵام ئەو بەڕێوەبەرایەتییە پارەکەی لە شوێنی دیکە خەرج کردووە و قەرزی دەرمانخانەکانی نەداوەتەوە.
بە گوتەی سەرۆکی ئەنجوومەنی دەرمانسازانی ئێران، بەڕێوەبەرایەتیی دەستەبەری کۆمەڵایەتی، بیمەی سەلامەت و بیمەی هێزە چەکدارەکان بە گشتی زیاتر لە 40 تریلیۆن تمەن (نزیکەی 334 ملیۆن دۆلار) قەرزداری دەرمانخانەکانن.
بە گوتەی کەلانتەری، بڕی دەرمانی کۆگەکراو لە ئێران زۆر کەم بووەتەوە و چەند مانگە نەیانتوانیوە دەرمانی زیاتر دابین بکەن و کۆگەی بکەن، بۆیە خەریکە پاشەکەوتی ستراتیژیی دەرمانیان لەدەست دەچێ.
سەرۆکی ئەنجوومەنی دەرمانسازانی ئێران پێشبینی دەکات لە زستاندا کێشەی کەمیی دەرمان لەو وڵاتە زیاتر بێت و بەشێک لە دەرمانەکان بە تەواوی بەردەست نەبن بۆ نەخۆشەکان؛ دەشڵێت، ئێستا 60 بۆ 70 جۆر دەرمان دەستناکەون و پێشبینی دەکرێ لە زستاندا ژمارەی ئەو دەرمانانەی دەستناکەون، بگاتە 200 جۆری دەرمان کە رۆژانە پزیشکەکان بۆ چارەسەرکردنی نەخۆش لە رەچەتەکاندا دەینووسن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ