نرخی پاڵپشتیکراو بۆ هاوردەکردنی برنج لە ئێران هەڵگیرا و چاوەڕێی گرانتربوونی دەکرێت

5 کاژێر له‌مه‌وپێش
ژیلا ئەسعەد
ژیلا ئەسعەد
 چاوەڕێ دەکرێت برنج گرانتر ببێت.
چاوەڕێ دەکرێت برنج گرانتر ببێت.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

رۆژ لە دوای رۆژ نرخی خۆراک لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەرزتر دەبێتەوە لەوانەش برنج. چەند مانگی رابردوو بەهۆی کەمبوونەوەی لە بازاڕەکان، نرخی برنج چەند جارێک بەرزبووەتەوە. وەزیری کشتوکاڵی ئێران دەڵێت، نرخی پاڵپشتکراو بۆ هاوردەکردنی برنج هەڵگیراوە، بۆیە ئەگەری بەرزبوونەوەی زیاتری نرخەکەی هەیە.
 
رەشید عەزیزپوور، سکرتێری کۆمەڵەی پیشەسازییەکانی خۆراکی ئێران دەڵێت، "پێویستی ساڵانەی وڵات بۆ برنج 3 ملیۆن و 500 تۆن برنجە، ئەگەر دوو ملیۆن تۆن بەرهەمی خۆمان بێت پێویستمان بە هاوردەکردنی یەک ملیۆن و 500 برنجە. بڵاوکردنەوەی ئاماری هەڵە وایکرد هاوردەکردنی برنج کەم بێتەوە و برنج لە بازاڕەکان کەم بێت و نرخی بەرز بێتەوە."
 
 داهاتی تاکەکەسی لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لە 10 ساڵی رابردوودا بە رێژەی 32٪ دابەزیوە، ئەمەش بەواتای لەدەستدانی سێیەکی هێزی کڕین دێت.
 
سەلام ستودە، نوێنەری مهاباد لە پەرلەمانی ئێران باس لەوە دەکات، "بەڕێز پزیشکیان بە ئێمە بڵێن تاوەکو کەی شایەتی بەرزبوونەوەی نرخەکان بین، ئایا ئاگاداری نرخی برنج، گۆشت، دەرمان و کاڵا سەرەکییەکانن، خەڵک توانای ئەوەیان نییە کرێ بدەن و مووچەی کارمەندان کەمە، ئەو دۆخە تاکەی بەردەوام دەبێت."
 
جگە لە کەمبوونی بەرهەمی ناوخۆ، قۆرخکاری بە هۆکارێکی دیکەی کەمبوونەوەی برنج و بەرزبوونەوەی نرخەکەی دەزاندرێت.  
 
بەپێی راپۆرتی ناوەندی ئاماری ئێران و پەیمانگەی خۆراک، هەر هاووڵاتییەکی ئێرانی ساڵانە بە تێکڕا 35 کیلۆگرام برنج بەکاردەهێنێت، بەم پێیەش ئێران ساڵانە پێویستی بە 3.5 ملیۆن تۆن برنج هەیە، کە نزیکەی 2 ملیۆن تۆنی لە نێوخۆ بەرهەم دەهێنێت، ئەوەی دیکەش هاوردە دەکات.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە