د. شلێر رەشیدی: لە ئێران تووندوتیژیی دژی ژنان لە زیادبووندایە

07-12-2025
 د. شلێر رەشیدی، چالاکڤانی مافی ژنان و پسپۆڕی کۆمەڵناسیی سیاسی
د. شلێر رەشیدی، چالاکڤانی مافی ژنان و پسپۆڕی کۆمەڵناسیی سیاسی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

چالاکڤانی مافی ژنان و پسپۆڕی کۆمەڵناسیی سیاسی، د. شلێر رەشیدی رایگەیاند، هۆکاری سەرەکیی زیادبوونی تووندوتیژی دژی ژنان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، ئەو بۆشاییە قووڵەیە کە لەنێوان "ئاستی بەرزی تێگەیشتنی ژنان" و "یاسا و دابونەریتە کۆنەکان"دا دروست بووە.
 
د. شلێر رەشیدی، کە خەڵکی شاری سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستانە، میوانی بوولتەنی نووڕۆژی رووداو بوو، کە نالین حەسەن پێشکێشی دەکات. لە قسەکانیدا تیشکی خستەسەر ئەوەی، کە ئێستا تووندوتیژی بەرامبەر ژنان زیادی کردووە، بەڵام ئاماری فەرمی و ورد نازانرێن، چونکە هەموو جۆرەکانی تووندوتیژی ئاشکرا ناکرێن.
 
رەشیدی گوتی: "هۆکاری سەرەکیی ئەم دۆخە ئەوەیە، کە یاسا و دابونەریتە کۆمەڵایەتییەکان سەبارەت بە ژنان گۆڕانکارییان بەسەردا نەهاتووە، بەڵام لە هەمان کاتدا ئاستی تێگەیشتن و زانستیی ژنان زۆر بەرز بووەتەوە. ئەمەش ناهەوسەنگییەک لەنێوان داواکاریی ژنان و سەپاندنەکانی کۆمەڵگەدا دروست دەکات و دەبێتە هۆی زیادبوونی تووندوتیژی."
 
"ژنی باش کێیە؟"
 
سەبارەت بە جۆرەکانی تووندوتیژی، د. شلێر ئاماژەی بە زیادبوونی کوشتنی ژنان، تووندوتیژیی سێکسی و دەروونی کرد، رەخنەی لە پەروەردەی کۆمەڵایەتی گرت و گوتی: "رێگری لە ژنان دەکرێت ئاستی زانستیی خۆیان بەرزبکەنەوە. کۆمەڵگە ژنان فێر دەکات کە 'ژنی باش' ئەوە نییە پسپۆڕ و زانا بێت، بەڵکو ئەوەیە خۆی بۆ باوک، برا و ماڵەکەی بکاتە قوربانی. ئەم سەپاندنی رۆڵی قوربانیبوونە، قورسترین جۆری تووندوتیژییە کە بەرامبەر ژنان ئەنجام دەدرێت."
 
"دەوڵەت دەبێت ژنان بپارێزێت، نەک زێڕ"
 
هەفتەی رابردوو لە پەرلەمانی ئێران یاسایەک پەسند کرا، کە سنووری مارەیی لە 110 سکەوە (لیرە) بۆ 14 سکە کەم دەکاتەوە. د. شلێر رەشیدی لەم بارەوە گوتی: "من بە شێوەیەکی پڕەنسیپی لەگەڵ یاسای مارەییدا نیم، جا 110 بێت یان 14، چونکە ئەمە بە واتای بازرگانیکردن دێت بە ژنانەوە. کێشەی سەرەکی پاراستنی ژنانە؛ دەوڵەت دەبێت سیستەمێکی وا دابنێت، کە ژنان بپارێزێت، نەک ئەوەی ژنان ناچار بن خۆیان لە پشت یاسای مارەیی بشارنەوە."
 
لەلایەکی دیکەوە، بڕیارەکەی پەرلەمان سەبارەت بە کەمکردنەوەی سنووری مارەیی کاردانەوەی تووندی لێکەوتەوە. جێگری سەرۆککۆماری ئێران بۆ کاروباری ژنان و خێزان رایگەیاند، ئەوان لە پەسندکردنی ئەم یاسایە سەرسام بوون. ناوبراو جەختی کردەوە، کە ئەم یاسایە دژی پڕەنسیپەکانی دەستوورە و هەروەها پێچەوانەی سیاسەتە گشتییەکانی رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانە سەبارەت بە خێزان و ژنان.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران : وێنەکە: AP

عێراقچی بۆ ترەمپ: هەموو بژاردەکانت بەرامبەر ئێران شکستیان هێنا

وەزیری دەرەوەی ئێران پەیامێکی تووند ئاراستەی دۆناڵد ترەمپ دەکات و دەڵێت، سەرجەم ئەو رێگەیانەی ئەمریکا بۆ دژایەتیکردنی ئێران تاقیکردوونەتەوە شکستیان هێناوە؛ هۆشداریش دەدات لەوەی ئەگەر دیپلۆماسی شکست بهێنێت، شەڕێکی "وێرانکەر و درێژخایەن" روودەدات.