عێراقچی: ئەڵمانیا بۆ دانوستاندن لەگەڵ ئێران دەپاڕێتەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی ئێران رەخنە لە هەڵوێستی راوێژکاری ئەڵمانیا لە بەرامبەر وڵاتەکەی دەگرێت و دەڵێت، ئەڵمانیا کە خۆی پێداگر بوو لەسەر کۆتاییهێنان بە رۆڵی ئەورووپا لە دانوستاندنە ئەتۆمییەکانی ئێران، ئێستا بۆ گەڕانەوە بۆ سەر مێزی دانوستاندن لەگەڵ ئێران دەپاڕێتەوە.
 
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رەخنەی تووند لە ئەڵمانیا و سیاسەتەکانی دەگرێت و دەڵێت: "ئەڵمانیا سەردەمانێک بزوێنەری پێشکەوتنی ئەورووپا بوو؛ ئەمڕۆ بووەتە بزووێنەری پاشەکشەی ئەورووپا."
 
عەباس عێراقچی هەڵوێستی ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیا و بەتایبەت فرێدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا لە بەرامبەر بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران سەرکۆنە دەکات و دەڵێت: "لە تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو لە نیویۆرک لەسەر پێداگری راوێژکاری ئەڵمانیا، سێ وڵاتی ئەورووپی وازیان لە رۆڵی خۆیان لە دانوستاندنە ئەتۆمییەکان هێنا و لەبری ئەوە رێگەی گەڕاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەر ئێرانیان گرتەبەر. ئێستا، مێرتس بۆ گەڕانەوە بۆ سەر هەمان مێزی دانوستاندن دەپارێتەوە."
 
عێراقچی، راوێژکاری ئەڵمانیا بە کەسێکی "بێ ئەزموون لەڕووی سیاسییەوە" ناو دەبات و دەڵێ: "لە حوزەیرانی 2025 کاتێک ئیسرائیل هێرشی کرد و زیاتر لە هەزار ئێرانی کوژران، خۆشحاڵی خۆی دەربڕی. جگە لەوەش مێرتس چەندینجار بە ئاشکرا قسەی کردووە و خەیاڵپلاوی لەسەر ئەوە کردووە کە ئێران لە سەرووبەندی رووخاندایە، ئەویش لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا."
 
فرێدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا شەوی چوارشەممە ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ بەشداریکردن لە دانوستاندنە ئەتۆمییەکانی ئێران راگەیاند و گوتی: "ئەڵمانیا ئامادەیە گوشارەکانی سەر ئێران زیاتر بکات، بە ئامانجی راگرتنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی."
 
راوێژکاری ئەڵمانیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە: "ئێمە دەمانەوێت لەگەڵ وڵاتانی کەنداو کاربکەین بۆ بەرەوپێشبردنی ئاشتی لە ناوچەکەدا. بەڵام پێشهاتەکانی ئێران بەربەستن. دەبێت توندوتیژییەکان بوەستن. ئێمە ئامادەین بۆ زیادکردنی گوشارەکان و بەشداری لە دانوستانەکان بە ئامانجی کۆتایی پێهێنانی خێرای بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران."
 
راوێژکاری ئەڵمانیا لە کاتی بەڕێوەچوونی ناڕەزاییەکانی مانگی رابردوو لە ئێران، پشتیوانی خۆی بۆ خۆپێشاندەران دەربڕیبوو و بەوهۆیەوە، باڵیۆزی ئەڵمانیا لە تاران بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوەی ئێران کرابوو.
 
لە 28ی ئەیلوولی 2025 و دوای شکستی گفتوگۆ و دانوستاندنەکانی نێوان ئێران و ئەورووپا لەبارەی دۆسیەی ئەتۆمیی ئەو وڵاتە، میکانیزمی گەڕاندنەوەی خێرای سزاکان کە بە "سناپ باک" ناسراوە، لە لایەن سێ وڵاتە ئەورووپییەکە (ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیا) لە دژی ئێران کارا کرایەوە و دوای 10 ساڵ هەموو سزا نێودەوڵەتییەکانی سەر ئێران چالاککرانەوە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە