رووداو دیجیتاڵ
بە فەرمانی سەرۆککۆماری ئێران، عەلی شەمخانی، راوێژکاری رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ کاروباری دەرەوە، وەکو سکرتێری ئەنجوومەنی بەرگری دەستنیشانکرا.
پێشتر عەلی شەمخانی بۆ ماوەی 10 ساڵ سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران بوو، ئێستاش لەم پۆستە نوێیەدا سەرپەرشتی کاروباری بەرگری دەکات.
لە جەنگی 12 رۆژەی نێوان ئیسرائیل و ئێران دا، شوێنی نیشتەجێبوونی شەمخانی لە تاران لە لایەن ئیسرائیلەوە کرایە ئامانج، بەڵام رزگاری بوو.
3ـی ئابی 2025، سکرتارییەتی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران لە راگەیێندراوێکدا پێکهێنانی ئەنجوومەنی بەرگریی ئەو وڵاتەی راگەیاند.
بڕیاری پێکهێنانی ئەنجوومەنی بەرگریی ئێران لە سەر بنەمای مادەی 176ی دەستووری وڵاتەکە دراوە و ئەرکەکەی تاوتوێکردنی پلانە بەرگرییەکان و بەرزکردنەوەی توانای هێزە چەکدارەکانی ئێران و بڕیاردان لەسەریانە.
ئەنجوومەنەکە لە لایەن سەرۆککۆمارەوە سەرۆکایەتی دەکرێت و سەرۆکی پەرلەمان، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری، فەرماندەکانی هێزە چەکدارەکان و بەرپرسانی ژمارەیەک لە وەزارەتە پەیوەندیدارەکان ئەندام دەبن.
بەپێی ئاژانسی هەواڵی نیمچە فەرمیی تەسنیم کە لە سوپای پاسدارانەوە نزیکە، شێوازی پێکهاتەی ئەنجوومەنەکە پەسندکراوە و سەرۆککۆماری ئێران سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنەکە دەکات و کەسێک لەنێو هێزە چەکدارەکان لەلایەن سەرۆککۆمارەوە وەک سکرتێری ئەنجوومەنەکە دەستنیشان دەکرێت.
بەپێی هەمان سەرچاوە، سەرۆکی پەرلەمان، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری، دوو نوێنەری رێبەری کۆماری ئیسلامی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی، وەزیری ئیتلاعات، سەرۆک ئەرکانی هێزە چەکدارەکان، فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران، فەرماندەی گشتی سوپای ئێران و فەرماندەی قەرارگەی خاتەمولئەنبیا لە ئەنجوومەنی بەرگریی ئێراندا ئەندام دەبن.
بە پێی مادەی 176ی دەستووری ئێران، ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئەو وڵاتە دەتوانێت بەپێی ئەرکەکانی خۆی ئەنجوومەنی لاوەکی وەک ئەنجومەنی بەرگری و ئەنجوومەنی ئاسایشی وڵات پێکبهێنێت. لە مادەکەدا هاتووە، سەرۆکایەتی هەریەک لە ئەنجومەنە لاوەکییەکان یان لە لایەن سەرۆککۆمارەوە دەکرێت یانیش ئەندامێکی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی، کە لەلایەن سەرۆک کۆمارەوە دەستنیشان دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ