رووداو دیجیتاڵ
راوێژکاری باڵای رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ کاروباری نێودەوڵەتی رایگەیاند، ئێران بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر هەڕەشەیەکی دەرەکی "بە تەواوی ئامادەیە."
بە پێی میدیای فەرمیی ئێران، عەلی ئەکبەر ویلایەتی لە نامەیەکدا بۆ نەعیم قاسم، سکرتێری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان جەختی لەسەر ئامادەیی ئێران بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هەڕەشەیەک کردووەتەوە کە بکرێتە سەر ئەو وڵاتە. ویلایەتی دەڵێت: "ئامادەین رووبەڕووی هەر هەڕەشەیەکی دەرەکی ببینەوە."
بە گوتەی راوێژکاری باڵای رێبەری ئێران بۆ کاروباری نێودەوڵەتی، ئێران بەنیازی هێرشکردنە سەر هیچ وڵات و لایەنێک نییە، بەڵام بۆ رووبەڕووبوونەوە و بەرگریکردن لەخۆی بەتایبەت لە بەرامبەر هەڕەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل ئامادەیە.
ویلایەتی دەڵێت: "کۆماری ئیسلامیی ئێران، وەکو لایەنی سەرەکیی مقاوەمە، بەبێ هەبوونی هیچ نیازێک بۆ هێرشکردنە سەر لایەنەکانی دیکە، بە تەواوی ئامادەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر هەڕەشە و دوژمنێکی دەرەکی."
نزیکەی 10 رۆژ لەمەوبەر لە کاتی زیادبوونی گرژییەکانی نێوان تاوان و واشنتن و هاتنی کەشتییەکی فڕۆکەهەڵگری ئەمریکی بۆ ناوچەکە، نەعیم قاسم، سکرتێری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان هۆشداریدا لەوەی کە هەر جۆرە هێرشێک بۆ سەر ئێران، بە هێرشکردنە سەر ئەو گرووپە دادەنرێت و جەەختی لەوە کردەوە، حیزبوڵڵا لەو کاتەدا بێ هەڵوێست نابێ و پشتگیری لە ئێران دەکات.
سکرتێری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان هەروەها ئاماژەی بەوەش کردبوو، هەر هەڕەشەیەک بۆ کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری ئێران وەکو هێرشێکی تیرۆریستییە بۆ سەر سەقامگیریی ناوچەکە و جیهان.
ئەوە لە کاتێکدایە، ئەمریکا هێزێکی زۆری رەوانەی ناوچەکە کردووە و هەڕەشەی بەکارهێنانی هێز لە ئێران دەکات، لە ئەگەری سەرکەوتوونەبوونی دانوستاندنەکان و رازینەبوونی تاران بە مەرجەکانی.
بڕیارە رۆژی هەینی، 6ی شوباتی 2026، گەڕێکی نوێی دانوستاندن لە نێوان ئێران و ئەمریکا لە مەسقەتی پایتەختی عومان بەڕێوەبچێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ