رووداو دیجیتاڵ
تاران دەڵێت، بەریتانیا بەوە تۆمەتباری کردوون کە چالاکی لە دژیان دەکەن؛ قسەکان بە "تۆمەتی بێ بنەما" وەسفدەکات. ئەمەش دوای ئەوەی لەندەن گوتی، هەر کەسێک لە بەریتانیا کار بۆ ئێران بکات، پێویستە سزا بدرێت.
رۆژی چوارشەممە 05-03-2025 دان جارڤس، وەزیری ئاسایشی بەریتانیا رایگەیاند، تاران "لە بەدیهێنان و بەهێزکردنی ئامانجەکانیان و لاوازکردنی ئامانجەکانی ئێمە؛ زەقتر و پێداگرتر بووە."
دوێنێ سێشەممە، بەریتانیا رایگەیاند، هەرکەسێک لە وڵاتەکە کار بۆ ئێران، هەواڵگریی ئێران یان سوپای پاسداران بکات، پێویستە سزا بدرێت یان بەند بکرێت. بەریتانیا دەڵێت، ئەو یاسایە لە ژێر پلانی تۆماری هەژموونی دەرەکی (FIRS) جێبەجێ دەکرێت.
FIRS بریتییە لە سیستمێک کە حکومەتی بەریتانیا رایگەیاندووە بۆ ئەوەی برەو بە شەفافیەتی کاریگەری و هەژموونی دەرەکی لەسەر وڵاتەکە بدات و پارێزگاری زیاتر لە ئاسایشی ناوخۆ بکات. لەژێر ئەم پلانە هەر کەسێک یان دامەزراوەیەکی نێو بەریتانیا کە لە دەرەوە ئاراستە دەکرێن، پێویستە هەموو کار و هەنگاوەکانیان لەلای حکومەتی بەریتانیا تۆمار بکەن.
ئێران یەکەم وڵاتە کە رووبەڕووی ئەو رێوشوێنە دەبێتەوە.
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەرکۆنەی ئەو لێدوانەی حکومەتی بەریتانیای کرد و رایگەیاند، "قسەی بێ بنەمان"، داواشیکرد ئەو "ئاراستە رووخێنەرانەیەی دژی ئێران" بوەستێنرێت.
جارڤس گوتی، بەریتانیا چەند پلانێکی داڕێژراوی گومانلێکراوی ئێرانی تێکداوە کە "ئەگەری هەڕەشەی کوشندەی لەسەر بەریتانیا و هاووڵاتییەکانی هەبوون."
بەقایی ئەو دەنگۆیانەی بە، "قسەی بە ئەنقەست لەلایەن پارتێکی سیاسییەوە، کە مێژوویەکی درێژیان لە زیانگەیاندن بە ئێران هەیە" وەسفکرد.
گوتەبێژە ئێرانییەکە پابەندیی تارانی بە "بنەماکانی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و یاسای نێودەوڵەتی" دووپاتکردەوە، بەتایبەتی بنەماکانی "رێزی هاوبەش و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆیی وڵاتان."
ئەو هەروەها داوای لە بەرپرسانی بەریتانیا کرد، "واز لە سیاسەتە هەڵەکانتان لە دژی ئێران بهێنن و پێداگری لەسەر سیاسەتی بەرەنگاری و رووبەڕووبوونەوە مەکەن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ