رووداو دیجیتاڵ
ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی سەربازی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران چووە شەشەمین رۆژەوە و لە شەوی رابردوو تاوەکو بەرەبەیانی ئەمڕۆ، هێرش و بۆردوومانی بنکە و ناوەندە مووشەکی، سەربازی و ئەمنییەکانی ئێران لە پارێزگاکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوام بوون.
شەوی رابردوو هێرشەکان بۆ سەر شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەوانە بۆکان و سنە چڕتر بوون. لە بۆکان باڵەخانەی قایمقامیەت و لە سنەش باڵەخانەی ناوەندی دەنگ و رەنگ هێرشیان کرایە سەر. دەگوترێت قەرارگای رەمەزانیش لە مەریوان بۆردوومان کراوە، بەڵام تائێستا ئەم هەواڵە پشتڕاست نەبووەتەوە.
لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێرشەکان لە تاران چڕتر بوون. کاژێر 05:30 خولەکی بەیانی ئەمڕۆ، میدیای ئێران بڵاوی کردەوە، لەلایەن ئیسرائیل و ئەمریکاوە جارێکی دیکە هێرش کراوەتە سەر تارانی پایتەخت. بەگوێرەی زانیارییەکان، لە هێرشەکەدا ژمارەیەک ئامانجی سەربازی بۆردوومان کراون و یەکێک لە ئامانجەکان ئەرتەش بوو لە گەورە رێی تاران.
هاوکات دەنگی تەقینەوەی بەهێز لە شارەکانی بەندەر عەباس، مەلایر، کیشیش و قوم بیستراوە. سوپای ئیسرائیل دەڵێت، سەکۆیەکی هەڵدانی مووشەکی بالیستیان لە قوم تێکشکاندووە.
سوپای پاسداران چی دەڵێت؟
کاژێر 5ی بەربەیانی ئەمڕۆ سوپای پاسداران دەستپێکردنی شەپۆلی 19ـەمی هێرشە مووشەکییەکانی بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی ئەمریکا لە ناوچەکە و بۆ سەر ئیسرائیلی راگەیاند.
پێشتریش ئیبراهیم زولفەقاری، گوتەبێژی قەرارگەی ناوەندی خاتەمولئەنبیای ئێران، دەستپێکردنی شەپۆلی 18یەمی ئۆپەراسیۆنەکەی راگەیاندبوو.
زولفەقاری گوتبووی، لە چوارچێوەی شەپۆلی 17یەم دا، هێزی ئاسمانیی سوپای پاسداران زیاتر لە 40 مووشەکی بەرەو ئامانجە "ئەمریکی-زایۆنییەکان" هاویشتووە.
گوتەبێژی قەرارگەی خاتەمولئەنبیا ئاماژەی بەوە کرد، سیستمە بەرگرییە ئاسمانییەکانی سوپا و ئەرتەش توانیویانە 10 درۆنی جۆری (هێرمس) و (MQ-9) لە ئاسمانی ئێراندا بخەنە خوارەوە. هەروەها باسی لەوەش کرد کە هێزی دەریایی سوپا توانیویەتی سیستمێکی راداری پێشکەوتووی جۆری FPS-117ی ئەمریکی لەناوببات.
فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا سێنتکۆم لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، هەندێک هەواڵی ناڕاست لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و تێکشکاندنی فڕۆکەی جەنگی و کوژرانی 100 سەربازی هێزی دەریایی ئەمریکا بڵاوبوونەتەوە کە هیچیان راست نین.
فەرماندەییەکەی ئەمریکا راشیگەیاند: "بەردەوامین لە زیاترکردنی هێرشەکانمان بۆ ناو قووڵایی ئاسمانی ئێران و هێزەکانی ئەمریکا زیاتر لە 20 کەشتی ئێرانییان تێکشکاندووە و نووقم بوونە".
بە گوتەی سێنتکۆم، هەڵدانی درۆن لەلایەن ئێرانەوە 73٪ و تەقاندنی مووشەکی بالیستیش بە رێژەی 86٪ کەمیکردووە.
ژمارەی قوربانییان لە ئێران
وەزارەتی تەندروستیی ئێران نوێترین ئاماری قوربانیانی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلی بۆ سەر وڵاتەکەی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، تاوەکو ئێستا زیاتر لە شەش هەزار کەس بریندار بوون و نزیکەی هەزار کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
د.حوسێن کرمانپوور، سەرۆکی ناوەندی پەیوەندییە گشتییەکان و زانیاری گەیاندنی وەزارەتی تەندروستیی ئێران، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (X) رایگەیاند، ئەم ئامارانە ئەنجامی هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلن بۆ سەر خەڵکی ئێران کە لە 28ـی شوباتەوە تاوەکو دوا نیوەرۆی رۆژی 4ی ئادار تۆمارکراون.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی ئێران:
• کۆی گشتیی برینداران 6,186 کەس
• کۆی گشتیی گیانلەدەستدان: 926 کەس
• خەوێنراو لە نەخۆشخانە: 2,054 کەس
• چارەسەرکراو و مۆڵەتپێدراو: 3,545کەس
• بریندارانی خوار تەمەن 18 ساڵ: 301 کەس
• کۆرپە و منداڵی گیان لەدەستدا: 180 کەس
• نەشتەرگەریی بۆ بریندار: 502
دەنگۆی چوونی هێزەکانی پێشمەرگە بۆ ئێران
شەوی رابردوو هەواڵی جووڵەی هێزەکانی پێشمەرگە بۆ ناو خاکی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوبوویەوە و لە میدیا جیهانییەکانیش هەواڵی ناڕاست لەمبارەوە بڵاوکرانەوە. ئەندامانی حیزبە بەشدارەکان لە هاوپەیمانی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران بۆ رووداو هەواڵەکەیان رەتکردەوە.
عەلی لاریجانی سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران هۆشداریی تووند دەداتە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کە ئەو بە "جوداخواز" ناویان دەبات و رایدەگەیەنێت، هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی بە تەواوی بەسەر بارودۆخەکەدا زاڵن.
لە پەیامێکدا کە بەیانیی ئەمڕۆ بڵاویکردووەتەوە دەڵێت: "با گرووپە جوداخوازەکان وا بیر نەکەنەوە کە شنەیەک هەڵیکردووە (دەرفەتێک رەخساوە) و هەوڵی ئەنجامدانی کارێک بدەن، بە هیچ شێوەیەک چاوپۆشییان لێ ناکەین و لێیان خۆش نابین."
سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی دەڵێت؛ هێزە چەکدارەکانمان بەتەواوی بەسەر ئەم بابەتەدا زاڵن و رێگە بە هیچ جۆرە تێکدانێکی ئاسایشی وڵاتەکەیان نادەن.
هەر لەمبارەوە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە تەلەفۆن قسەی کرد. میدیای ئێران بڵاویانکردەوە، عەباس عێراقچی، و محەممەد شیاع سوودانی، پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامدا و تێیدا دوایین پێشهاتە ئەمنییەکانی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.
بەگوێرەی میدیای ئێران، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە رایگەیاندووە: "ئێرانییەکان چاوەڕوانی ئەوە دەکەن کە بە شێوەیەکی هەمەلایەنە بەرگریی لە کەرامەتی نەتەوەیی، سەروەری و یەکپارچەیی خاکی وڵاتەکەیان بکرێت."
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاندووە: "حکومەتی عێراق پابەندە بەوەی رێگە بە هیچ جۆرە هەڕەشەیەک نادات کە لە سنوورەکشەشەم رۆژی جەنگ؛ تاران و رۆژهەڵاتی کوردستان بە چڕی بۆردوومان دەکرێن و ئاماری قوربانییان هەزار کەسی تێپەڕاند
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ