رووداو دیجیتاڵ
شەوی رابردوو هەواڵی دەستلەکارکێشانەوەی سادق لاریجانی، لە ئەندامێتیی ئەنجوومەنی پاراستنی دەستووری ئێران لە میدیاکانی ئێران بڵاوکرایەوە، عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێرانیش دەستبەجێ کەسێکی لە شوێنەکەی لاریجانی دانا.
ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوور یەکێک لە دامەزراوە هەرە گرنگ و بەهێزەکانی ئێرانە، بە دەگمەن ئەندامەکانی دەستلەکاردەکێشنەوە. ئەو ئەنجوومەنە لە 12 ئەندام پێکدێت. 6 کەسیان مامۆستای ئاینیین و رێبەری ئێران دایاندەنێت، سادق لاریجانی یەکێک لەوانە بوو.
لە دوایین هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێران کە لە حوزەیرانی ئەمساڵ بەڕێوەچوو، ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوور شیاوبوونی عەلی لاریجانی، برا بچووکی سادق لاریجانی رەتکردەوە و نەیتوانی خۆی بەربژێر بکات، ئەمەش ناڕەزایی سادق لاریجانی لێکەوتەوە و بەو هۆیەشەوە واژۆی لەسەر بەڵگەی متمانەدان بە ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران واژۆ نەکرد.
بەڵگەی متمانەدان بە سەرۆککۆمار دەبێت لەلایەن ئەندامانی ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوور واژۆی بکرێت. سادق و عەلی لاریجانی تەنانەت لە رێوڕەسمی دەستبەکاربوونی ئیبراهیم رەئیسی، وەک سەرۆککۆماری ئێرانیش، بەشدارییان نەکرد.
بنەماڵەی لاریجانی لە ساڵانی رابردوودا یەکێک لە بنەماڵە هەرە دەستڕۆیشتووەکانی ئێران بوون، بەڵام بە رەتکردنەوەی شیاوبوونەی عەلی لاریجانی و ئێستاش دەستلەکارکێشانەوەی سادق لاریجانی، شارەزایانی سیاسی پێیانوایە خۆری دەسەڵاتی ئەوان بەرەو ئاوابوون دەچێت.
عەلی لاریجانی ماوەی 12 ساڵ سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بوو و سادق لاریجانیش نزیکەی 8 ساڵ سەرۆکی دەزگای دادی ئێران بوو. واتە لە سێ دەسەڵاتی سەرەکیی ئێراندا، سەرۆکایەتی دوویان لای بنەماڵەی لاریجانییەکان بوو.
بەڵام لە بڕیارێکدا کە بۆ کەس چاوەڕوانکراو نەبوو، ئەنجوومەنی پاراستنی دەستووری ئێران، بە سەرۆکایەتی ئەحمەد جەنەتی کەسایەتی نەریتخوازی نزیک لە رێبەری ئێران، شیاوبوونی عەلی لاریجانی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی رەتکردەوە و رێگەی نەدا وەک بەربژێر بەشداریی لە هەڵبژاردندا بکات. ئەو وەک رکابەرێکی سەرەکی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران، لە قەڵەم دەدرا.
عەلی لاریجانی رووانگەیەکی میانڕەوتری نزیک لە حەسەن رووحانی، سەرۆککۆماری پێشووی ئێرانی هەبوو و گومان دەکرا میانڕەوەکان و تەنانەت بەشێک لە ریفۆرمخوازانیش لە هەڵبژارندا، لە بەرامبەر ئیبراهیم رەئیسی، کە بەربژێری نەریتخوازە تووندڕەوەکان و لایەنەکانی نزیک لە سوپای پاسداران بوو، پشتگیریی لێبکەن.
سادق لاریجانی دوای ئەو بڕیارەی ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوور لە راگەیێنراوێکدا ناڕەزایەتی دەربڕی و گوتی: دوای 20 ساڵ ئەندامیێتی لە ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوور هیچ کات بڕیارەکانی ئەم ئەنجوومەنە جۆرێک نەبووە، کە نەکرێ داکۆکی لێبکرێ."
سادق لاریجانی ماوەیەک وەک یەکێک لەو کەسانە لە قەڵەم دەدرا، کە چانسی ئەوەی هەیە لەگەڵ ئیبراهیم رەئیسی رکابەری لەسەر پۆستی رێبەریی ئێران بکەن.
سەرەڕای ئەوەی ماوەیەکە گڵۆڵەی بەختی سادق لاریجانی کەوتووەتە لێژی، بەڵام ئەو هێشتا سکرتێری ئەنجوومەنی دەستنیشانکردنی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانە، کە یەکێک لە دەزگا بەهێز و دەستڕۆیشتووەکانی ئێرانە.
سادق لاریجانی کەسێکی نزیک لە رێبەری ئێران بوو، کە لە کۆمەڵێک قۆناخی هەستیاردا بۆ دەربازکردنی دەسەڵات لە قەیرانی جدی، یارمەتیدەر بوو، لەوانە سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکانی ساڵی 2009.
لاریجانییەکان پێنج بران و هەموویان بەرپرسایەتی گرنگیان لە کۆماری ئیسلامیدا هەبووە. رەنگە بۆ ئەمەشیان قەرزداری باوکیان بن. باوکیان میرزا هاشم لاریجانی، مەرجەعی تەقلیدی شیعە، یەکەم مەرجەعی شیعە بوو کە سەیدعەلی خامنەیی وەک "ئایەتوڵڵا" ناوبرد و پابەندیی خۆی بەو راگەیاند.
سەیدعەلی خامنەیی، رێبەری ئێران، کەسایەتییەکی ئایینی دیکەی بەناوی ئەحمەد حوسێنی خوراسانی لە جێی سادق لاریجانی وەک ئەندامی ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوور دەستنیشان کرد. ئەویش وەک خامنەیی خەڵکی خوراسانە و نەریتخوازە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ