وەزیرانی دەرەوەی ئێران و عومان کۆبوونەوە

10 کاژێر له‌مه‌وپێش
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
بەر لە دەستپێکردنی دانوستاندنی نێوان شاندەکانی ئێران و ئەمریکا، وەزیری دەرەوەی ئێران و وەزیری دەرەوەی عومان لە مەسقەت کۆبوونەوە.
میدیای فەرمیی ئێران رایگەیاند، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و بەدر بووسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان لە مەسقەت کۆبوونەوە و لەبارەی بەڕێوەچوونی گەڕێکی نوێی دانوستاندنەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا گفتوگۆیان کردووە.
بڕیارە ئەمڕۆ هەینی، 6ی شوباتی 2026 شاندی ئێران بە سەرۆکایەتی وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە لەگەڵ شاندی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا لە مەسقەتی پایتەختی عومان کۆببنەوە.
میدیای فەرمیی ئێران دەڵێت، بەپێی زانیارییەکان دانوستاندنی نێوان ئێران و ئەمریکا لەوانەیە لە نێوان کاژێر 10 بۆ 11ی بەیانی دەستپێبکات.
 
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تەلەگرام رایگەیاند، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و بەدر بووسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان لە مەسقەت کۆبوونەوە و لەبارەی رێوشوێنەکانی بەڕێوەچوونی گەڕێکی نوێی دانوستاندنەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا گفتوگۆیان کرد.
 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، عەباس عێراقچی لە کۆبوونەوەکەدا میوانداری و هەوڵەکانی عومانی بۆ دەستپێکردنی دانوستاندنە ئەتۆمییەکانی بەرز نرخاند و ئاماژەی بەوە کرد، کە "کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ دەستبەرکردنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی کەڵک لە دیپلۆماسی وەردەگرێت، لە هەمان کاتدا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە لە بەرامبەر هەر زیادەڕویی و سەرکێشییەکدا، ئێران بۆ بەرگری لە سەروەری و ئاسایشی نیشتمانی خۆی ئامادەیی تەواوی هەیە." 
 
بە گوتەی ئیسماعیل بەقایی، لە کۆبوونەوەکەدا وەزیری دەرەوەی عومان ئاماژە بە هەولێ وڵاتانی ناوچەکە بۆ پێشگرتن لە هەر چەشنە گرژی و ئاڵۆزییەک کرد و هیوای دەربڕی کە ئەم خولەی دانوستاندنەکان، بە نیازپاکی و قوستنەوەی دەرفەت لە لایەن هەموو لایەنەکان، بوار بۆ لێکتێگەیشتنێکی هەمیشەیی لە نێوان ئێران و ئەمریکا بڕەخسێنێت.
 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەشڵێت، لە دیدارەکەدا روانگە و پێشنیازەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران سەبارەت بە تەوەرەکانی دانوستاندن، داواکاری و تێبێنییەکانی ئێران خرانەڕوو.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە