ئەمریکا بۆ هاووڵاتییانی لە ئێران: وەسیەتنامە بنووسن

7 کاژێر له‌مه‌وپێش
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا تووندترین هۆشداری لەبارەی گەشتکردن بۆ ئێران بڵاوکردەوە و داوا لە هاووڵاتییانی دەکات، بە هیچ هۆکارێک گەشت بۆ ئەو وڵاتە نەکەن؛ ئەوانەشی لەوێن دەستبەجێ جێیبێڵن.
 
بەگوێرەی نوێترین رێنمایی گەشتیاریی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، هاووڵاتییانی ئەو وڵاتە لەنێو خاکی ئێراندا لەبەردەم مەترسییەکی جددیی وەک "تیرۆر، ئاڵۆزییە نێوخۆییەکان، رفاندن، دەستگیرکردنی سەرەڕۆیانە و ئەشکەنجەدان"ـدان.
 
حکومەتی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکات، ژمارەیەک لە هاووڵاتییانیان بە تۆمەتی ناڕاست بۆ ماوەی چەندین ساڵ زیندانی کراون و تەنانەت سزای لەسێدارەدانیشیان بەسەردا سەپێنراوە.
 
وەزارەتی دەرەوە رایگەیاندووە، لە رێکەوتی 15ـی تشرینی یەکەمی 2025ـەوە، خزمەتگوزارییە کۆنسوڵییە ئاساییەکان بۆ هاووڵاتییانی ئەمریکی لە ئێران (وەک دەرهێنانی پاسپۆرت و تۆماری لەدایکبوون) راگیراون. بەهۆی نەبوونی پەیوەندیی دیپلۆماسی و نەبوونی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تاران، حکومەتی سویسرا لە رێگەی باڵیۆزخانەکەیەوە تەنیا بۆ کاتە فریاگوزارییەکان دەتوانێت هاوکارییان بکات.
 
لە هۆشدارییەکەدا هاتووە، دەسەڵاتدارانی ئێران بەردەوامن لە دەستگیرکردنی هاووڵاتییانی ئەمریکی، بەتایبەت ئەوانەی وڵاتینامەی دووانەیان (ئەمریکی - ئێرانی) هەیە، لەگەڵ رۆژنامەڤانان، خوێندکاران و لێکۆڵەران. حکومەتی ئێران دان بە وڵاتینامەی ئەمریکیی ئەو کەسانەدا نانێت و رێگەش بە نوێنەرانی سویسرا نادات سەردانیان بکەن.
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جەخت لەوە دەکاتەوە، هەر هاووڵاتییەکی ئەمریکی پێشتر گەشتی بۆ ئیسرائیل کردبێت، لە کاتی گەڕانەوەی بۆ ئێران رووبەڕووی سزای دوو ساڵ بۆ پێنج ساڵ زیندانی دەبێتەوە. هەروەها تۆمەتەکانی وەک "هاوکاریکردن لەگەڵ دەوڵەتی دوژمن" و "سیخوڕی" وەک پاساو بۆ دەستگیرکردنیان بەکاردەهێنرێن.
 
وەزارەتی دەرەوە داوا لەو هاووڵاتییانە دەکات کە هێشتا لە ئێران ماونەتەوە، ئەم هەنگاوانە بگرنەبەر:
 
1- وەسێتنامەکانیان بنووسن و بریکارنامەی یاسایی دەستنیشان بکەن.
 
2- وردەکاریی بەکارهێنانی هەژمارەکانیان، لەوانە بانکی و بەڵگەنامە گرنگەکانیان بۆ کەسوکاریان بنێرن. 
 
3- خۆیان لە سیستمی (STEP) تایبەت بە وەرگرتنی زانیاری فریاگوزاری و گەشتکردن ناونوس بکەن.
 
4- بیمەی گەشتیاری بکڕن کە تێچووی گەڕانەوە لەخۆبگرێت.
 
لە کۆتاییدا، حکومەتی ئەمریکا هۆشداری دەدات کە خۆپێشاندانەکان لە ئێران پێشبینینەکراون و زۆرجار تووندوتیژییان لێدەکەوێتەوە. هەروەها مەترسی لەسەر گەشتە ئاسمانییەکانی سەر ئاسمانی ئێران هەیە و پێویستە گەشتیاران رێنماییەکانی فەرمانگەی فیدراڵی جێبەجێ بکەن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە