عێراقچی: بەمزووانە گەڕێکی نوێی دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا دەستپێدەکات

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، تاران و واشنتن رێککەوتوون بەمزووانە گەڕێکی نوێی دانوستاندن بکەن. عێراقچی جەختی کردەوە، پیتاندنی یۆرانیۆم "مافێکی حاشاهەڵنەگرە" و تەنانەت بە بۆردوومانکردنیش ناتوانرێت توانا ئەتۆمییەکانی وڵاتەکەی لەناو ببرێن.
 
رۆژی شەممە 07-02-2026 عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای قەتەری گوتی: "پیتاندنی یۆرانیۆم مافی ئێمەیە و دەبێت بەردەوام بێت. تەنانەت بە بۆردومانکردنیش نەیانتوانی توانا مادی و زانستییەکانی ئێمە لەناو ببەن." 
 
عێراقچی ئاماژەی بەوەش کرد، ئێران ئامادەیە بگاتە رێککەوتنێکی دڵنیاکەرەوە لەسەر دۆسیەی پیتاندن، "بەڵام بە رژدی دژی گواستنەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراوە بۆ دەرەوەی وڵات."
 
عێراقچی دانوستاندنەکانی دوێنێ هەینی لە سەڵتەنەتی عومانی بە "دەستپێکێکی باش" وەسف کرد، بەڵام جەختی کردەوە، "بنیاتنانی متمانە رێگەیەکی درێژی لە بەردەمە." 
 
وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشدارییەکی تووندیشی دایە ئەمریکا و گوتی: "ئەگەر واشنتن خاکمان بکاتە ئامانج، ئێمە هێرش دەکەینە سەر بنکە سەربازییەکانیان لە ناوچەکەدا."
 
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاشکرای کرد، گفتوگۆکانی مەسقەت بە شێوەیەکی "ناڕاستەوخۆ" و بە نێوەندگیریی عومانییەکان بووە، بەڵام "دەرفەتێکی کەم" هەبووە بۆ تەوقەکردن لەگەڵ شاندی ئەمریکی. 
 
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، هەردوو لایەن رێککەوتوون لەسەر بەردەوامیی دانوستاندنەکان، بەڵام هێشتا کاتی خولی داهاتوو دیاری نەکراوە و ئەگەری هەیە شوێنی دانوستاندنەکان لە گەڕی دووەمدا بگۆڕدرێت.
 
مووشەکەکان هێڵی سوورن
 
سەبارەت بە داواکارییەکانی ئەمریکا بۆ تێکهەڵکێشکردنی دۆسیەی مووشەکی و ئەتۆمی، عێراقچی گوتی: "بەرنامەی مووشەکیی ئێمە پەیوەندی بە بەرگرییەوە هەیە و بە هیچ شێوەیەک جێگەی گفتوگۆ و سازش نییە." 
 
ئەمە لە کاتێکدایە، ئیدارەی ترەمپ و ئیسرائیل گوشار دەکەن تاوەکو لە هەر رێککەوتنێکی داهاتوودا پرسی مووشەکە بالیستییەکان و میلیشیاکانی سەر بە ئێران بخرێنە ناو گفتوگۆکانەوە.
 
ئەم جووڵە دیپلۆماسییانە دوای ئەوە دێن، ئەمریکا هێزێکی دەریایی گەورەی لە نزیک کەناراوەکانی ئێران جێگیر کردووە و واشنتن گوشارەکانی بۆ سەر تاران، دوای رووبەڕووبوونەوەی توندی خۆپێشاندانەکانی ناوخۆی ئەو وڵاتە، بە رێژەیەکی بەرچاو زیاد کردووە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە