لیژنەی ئاسایشی نیشتمانیی پەرلەمانی ئێران: دەستبەرداری توانای مووشەکیمان نابین

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
پەیمان محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانیی پەرلەمانی ئێران گەشبین نییە کە دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا ئەنجامی هەبێت، توانای مووشەکیی وڵاتەکەش بە ''گەرەنتیکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئێران'' ناودەبات و دەڵێت، بە هیچ شێوەیەک دەستبەرداری نابن.
 
ئەمڕۆ شەممە 07-02-2026، ئیبراهیم رەزایی، گوتەبێژی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانیی پەرلەمانی ئێران سەبارەت بە دانوستاندنی دوێنێی نێوان تاران و واشنتن کە لە مەسقەتی عومان بەڕێوەچوو، رایگەیاند، ئەستەمە پرسەکانی نێوان وڵاتەکەی و ئەمریکا لە رێگەی دانوستاندنەوە چارەسەر بکرێن.
 
ئیبراهیم رەزایی ئاماژەی بە هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کرد و گوتی، ''نابێت بە لاوازی لەگەڵ دووژمن قسە بکرێ. دووژمنێک کە بەردەوام هەڕەشەمان لێدەکات، بە زمانی نەرم و بە دەرکەوتنی لاوازی ئێمە پاشەکشە ناکات. بۆیە بە کاریگەربوونی دیپلۆماسی لە ئێستادا گەشبین نیم.''
 
ئەو گەڕەی دانوستاندنی تاران و واشنتن لەکاتێکدا بەڕێوەچوو کە ئەمریکا کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ناردووەتە ناوچەکە و دۆناڵد ترەمپ بەردەوام هۆشداری دەدات ئەگەر رێککەوتن نەکرێ، ''شتی خراپ'' روودەدات.
 
جگە لە راگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم، ئەمریکا داوای سنووردارکردنی توانای مووشەکیش لە ئێران دەکات. گوتەبێژی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانیی پەرلەمان رایگەیاند، "دەستبەرداربوونمان لە توانای مووشەکی، گاڵتەجاڕانەیە. هیچ مرۆڤێکی ژیر ئەو مووشەکەی کە گەرەنتیکاری ئاسایشی نیشتمانییە، رادەستی دووژمنەکەی ناکات."
 
ئیبراهیم رەزایی گوتی، ''هیچ کات دەستبەرداری توانای مووشەکیمان نابین. ئەگەر مووشەکمان نەبووایە، تاوەکو ئێستا دووژمن ئێرانی وێران کردبوو.''
 
لە مەسقەت شاندی ئەمریکا لەلایەن ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرۆکایەتی دەکرا و شاندی ئێرانیش لەلایەن عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەوە.
 
قسەکانی رەزایی لەکاتێکدان، دۆناڵد ترەمپ گفتوگۆی نێوان ویتکۆف و عێراقچی بە ''زۆرباش'' ناوبرد و رایگەیاند، لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو جارێکی دیکە کۆدەبنەوە.
 
هەروەها دوێنێ هەینی دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە، وەزیری دەرەوەی ئێران بە میدیای وڵاتەکەی گوت، ''سەرەتایەکی باش بوو، بەڵام بەردەوامبوونی پەیوەستە بەوەی کە ئێمە لە پایتەختەکان راوێژەکانمان بکەین و لەبارەی چۆنییەتی بەردەوامبوونەوە بڕیار بدەین."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

موجتەبا فێردۆسیپور، سەرۆکی نووسینگەی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئێران لە قاهیرە.

بەرپرسێکی ئێرانی: دانوستاندنەکانمان لەگەڵ ئەمریکا تەنیا بۆ دۆسیەی ئەتۆمییە

سەرۆکی نووسینگەی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئێران لە قاهیرە رایدەگەیێنێت، دانوستاندنەکانی نێوان تاران و واشنتن لە مەسقەت، تەنیا تایبەت دەبن بە پرسی ئەتۆمی و هیچ مژارێکی دیکە لەخۆناگرن.