رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای کرماشان 11 کەس لەلایەن سوپای پاسدارانەوە دەستگیرکران. فەرماندەی قەرارگەی نەجەفی ئەشرەفی سوپاکە دەڵێ، پەیوەندییان لەگەڵ پژاک هەبووە و هەوڵی تێکدانی ئاسایشیان داوە.
ئەمڕۆ شەممە 07-02-2026، موحسین کەریمی، فەرماندەی قەرارگەی نەجەفی ئەشرەفی سوپای پاسداران رایگەیاند، لە پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان، 11 ''سەرکردەی نێوخۆیی'' پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)ـیان دەستگیرکردووە.
بەگوتەی موحسین کەریمی، تۆمەتبارەکان لە چوارچێوەی دوو گرووپدا رێکخرابوون و هەوڵی ''کاری تێکدەرانە''ـیان دابوو، بەڵام بەر لە ئەنجامدانی هەر کردەوەیەک دەستگیرکران.
وەک فەرماندەی قەرارگەی نەجەفی ئەشرەفی سوپای پاسداران گوتی، دەستگیرکراوان دانیان بە هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ پژاکدا ناوە و پلانیان بۆ ''تێکدانی ئاسایش و دروستکردنی پشێوی'' لە ناوچەکەدا هەبووە.
موحسین کەریمی رایگەیاند، هێشتا لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکە بەردەوامە و ئاماژەی بەوەشکرد، ''چەندین هەفتە ژمارەیەک لەو دەستگیرکراوانە لەژێر چاودێرییدا بوون و سەرقاڵی کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر ئەندامەکانی تیمەکان بووین.''
پژاک، هاوشێوەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، عەبدوڵڵا ئۆجەلان بە رێبەری خۆیان دەزانن و تورکیا بە بەشێکی پەکەکەیان دەزانێ، بەڵام پارتەکە خۆی بە پارتێکی رۆژهەڵاتی کوردستان پێناسە دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ