ئێران رێوشوێنی نوێ لە دەروازەی حاجی ئۆمەران بەرامبەر ئۆمیکرۆن دەگرێتەبەر

05-12-2021
فواد حەقیقی
نیشانەکردن ئۆمیکرۆن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بۆ رێگریکردن لە تەشەنەسەندنی جۆرە گۆڕاوە نوێیەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لە دەروازە سنوورییەکانی پارێزگای ورمێ و لە فڕۆکەخانەکانی ئێرانیش بۆ گەشتە نێودەوڵەتییەکان رێوشوێنی نوێ دەگیرێنەبەر.
 
زانکۆی پزیشکیی پارێزگای ورمێ رۆژی شەممە 04-12-2021 رایگەیاند، بۆ رێگری لە تەشەنەسەندنی ئۆمیکرۆن لە دەروازە سنوورییەکاندا پرسیار لە گەشتیاران دەکرێ بۆ ئەوە بزانرێ پێشتر تووشی کۆرۆنا بوون یان نا، هەروەها ئەگەر لە پشکنیندا دەرکەوت گەشتیارێک هەر جۆرێک لە جۆرەکانی کۆرۆنای هەبێت، دوو هەفتە کەرەنتین دەکرێت. 
 
پارێزگای ورمێ 5 دەروازەی فەرمی هەیە، دەروازەکانی بازرگان، رازی، خۆی و سێرو لەگەڵ باکووری کوردستان و دەروازەی حاجی ئۆمەران لەگەڵ هەرێمی کوردستان.
 
محەممەد محەممەدی بەخش، سەرۆکی رێکخراوی فڕۆکەوانیی ئێرانیش رایگەیاند، بۆ رێگری لە جۆری ئۆمیکرۆنی کۆرۆنا هەندێ رێوشوێن لە فڕۆکەخانەکان بۆ گەشتە نێودەوڵەتییەکان دەگیرێنەبەر، لەوانە گەشتە ئاسمانییەکان رادەگیرێن، گەشتیاران دەبێت کارتی وەرگرتنی پێکوتە و هەروەها تێستی PCRیان هەبێت.
 
ئێران ئێستا هاتووچۆی گەشتیاری بۆ حەوت وڵاتی باشووری ئەفریقیا قەدەخە کردووە کە ئێستا ناوەندی تەشەنەسەندنی ئۆمیکرۆنن.
 
گۆڕاوی ئۆمیکرۆن هێشتا لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان تۆمارنەکراوە، بەڵام بەرپرسانی تەندروستی بڵاوبوونەوەی بە دوور نازانن.
 
ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان پێنج شەپۆلی کۆرۆنایان تێپەڕاندووە، ئێستا رەوشی زۆرینەی رەهای شارەکان دۆخی شین (بێ مەترسی) و زەرد (کەمتر مەترسیدار)یان هەیە. هەرچەندە ئەمڕۆ دیسان سوور بوو.
 
رەزا نەفیسی، سەرۆکی ناوەندی بەرگریی شارستانی و کۆنترۆڵی قەیران، رایگەیاند، کۆنترۆڵی هاتووچۆکان لە رۆژی دووشەممە 06-12-2021ـەوە دەستپێدەکات و ئەوەش لە رێگەی سیستەمی "کۆنترۆڵی زیرەکەوە" جێبەجێ دەکرێت، کە ئەگەر هەرکەسێک پێکوتەی وەرنەگرتبێت و بیەوێ سەردانی ئەو شارانە بکات کە لە دۆخێکی خراپی تووشبوون بە کۆرۆنان، سزا دەدرێت.
 
رەزا نەفیسی دەڵێت، ئەو سیستەمە وادەکات کە ئەگەر هەر کەس کۆرۆنای هەبێت، رێوشوێنە تەندروستییەکانی بەسەردا دەسەپێنرێت و رێگەیان پێنادرێت لە ماڵەوە بچنە دەرەوە، تەنانەت بە ئۆتۆمبێلیش. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە