رووداو دیجیتاڵ
پیشەسازیی ئاوی ئێران دەڵێت، سەرباری ئەو شەپۆلە بەفر و بارانەی رووی لە ئێران کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا مەترسیی وشکەساڵی و کێشەی کەمئاوی لەو وڵاتەدا ماوە.
عیسا بزورگزادە، گوتەبێژی پیشەسازیی ئاوی ئێران رایگەیاند، "سەرەڕای ئەو بەفر و بارانبارینەی بەمدواییە رووی لە زۆربەی ناوچەکانی وڵاتەکەمان کردووە، بەڵام بەهیچ شێوەیەک مەترسیی وشکەساڵیمان تێنەپەراندووە و ئەم شەپۆڵە بارانەش بە مانای کۆتاییهاتنی کێشەی کەمئاوی لە وڵاتدا نییە."
عیسا بزورگزادە گوتی، تێکرای بارانبارین لەسەر ئاستی ئێران بەهۆی کاریگەرییەکانی شەپۆڵەکەی ئەمدواییە 20 ملیمەتر بووە، لە کاتێکدا پێویست بوو لە دۆخە ئاساییەکەدا بڕەکەی 51 ملیمەتر بێت و بەوەش بڕی بارانبارین لەسەر ئاستی ئێران ٪61 کەمترە لە دۆخی ئاسایی.
بە گوتەی بزورگزادە، لە هەندێک لە پارێزگاکان و لەوانەش لە کرمان، سیستان و بەلووچستان و خوراسانی باشوور تاوەکو ئێستا بە کردەوە هیچ بارانێکی کاریگەر نەباریوە.
دەشڵێت، لە ژمارەیەک لە پارێزگاکان وەکو یەزد، خۆراسانی رەزەوی، خۆراسانی باکوور، تاران، ئیسفەهان، قوم، فارس، ئەلبورز و قەزوین بڕێکی کەمی باران باریوە. بۆ نموونە لە پارێزگای تاران تەنیا 15 ملیمەتر باران تۆمار کراوە، لە کاتێکدا چاوەڕوان دەکرا 62 ملیمەتر باران ببارێت، واتە 76٪ لە دۆخی ئاسایی کەمترە.
گوتەبێژی پیشەسازیی ئاوی ئێران هەروەها رایگەیاند، لە سەرەتای پاییزەوە تاوەکو ئێستا بڕی ئەو ئاوەی رژاوەتە نێو بەنداوەکان دوو ملیار و 890 ملیۆن مەتر سێجا بووە، کە بەراورد بە پار 37٪ کەمترە و پار لەم کاتانەدا بڕەکەی چوار ملیار و 570 ملیۆن مەتر سێجا بووە.
بە گوتەی عیسا بزورگزادە، لە ئێستادا 16 ملیار و 610 ملیۆن مەتر سێجا ئاو لە سەرجەم بەنداوەکانی ئێراندا هەیە، بەڵام ساڵی رابردوو لە هەمان کاتدا ئەو رێژەیە 22 ملیار و 670 ملیۆن مەتر سێجا بووە، ئەوەش پێشان دەدات ئاستی گلدانەوەی ئاو بەراورد بە پار 27٪ کەمترە.
گوتەبێژی پیشەسازیی ئاوی ئێران دەڵێت: "جەخت لەوە دەکەمەوە کە ئەم دۆخەی ئێستا نابێت ببێتە هۆی هەڵە تێگەیشتن و هەڵخەڵەتاندنمان. هێشتا پێویستمان بە کۆنترۆڵکردنی بەکارهێنانی ئاو هەیە، هێشتا پێویستە سیناریۆیەکی رەشبینانەمان هەبێت بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوە. هەروەها کونترۆڵکردنی بەکارهێنانی گونجاو لە کەرتی کشتوکاڵ و پیشەسازیشدا دەبێت بە جیدی بەدواداچوونی بۆ بکرێت."
لە رۆژی یەکشەممەی هەفتەی رابردووەوە شەپۆلێکی باران و بەفربارین زۆربەی پارێزگاکانی ئێران و هەر پێنج پارێزگای رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتەوە و تاوەکو ناوەڕاستی هەمان هەفتە بەردەوام بوو.
رێکخراوی کەشناسیی ئێران پێشبینی کردووە، لە رۆژی دووشەممەی ئەم هەفتەیەوە شەپۆڵێکی دیکەی بەفر و بارانبارین روو لە زۆربەی ناوچەکانی ئەو وڵاتە بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ