رووداو دیجیتاڵ
عەلی ئەکبەر ویلایەتی، راوێژکاری باڵای عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ کاروباری نێودەوڵەتی دەڵێت، "ئێران بە تووندی لە پشتیوانیکردنی حیزبوڵڵای لوبنان بەردەوام دەبێت."
بە پێی میدیای فەرمیی ئێران، ئەمڕۆ یەکشەممە، 14ی کانوونی یەکەمی 2025، عەلی ئەکبەر ویلایەتی، راوێژکاری باڵای رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ کاروباری نێودەوڵەتی لەگەڵ عەبدوڵڵا سەفیەدین، نوێنەری حیزبوڵڵای لوبنان لە تاران کۆبووەوە و دۆخی لوبنان و ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.
عەلی ئەکبەر ویلایەتی لە کۆبووونەوەکەدا جەختی لە "پێگەی ستراتیژی" حیزبوڵڵای لوبنان بۆ ئێران و ناوچەکە کرد و رایگەیاند، "تاران بە هەموو شێوەیەک لە پشتیوانیکردنی حیزبوڵڵا بەردەوام دەبێت."
ویلایەتی لەوبارەوە دەڵێت: "حیزبوڵڵا وەک یەکێک لە پایە هەرە گرنگەکانی بەرەی مقاوەمە، رۆڵێکی سەرەکی لە رووبەڕووبوونەوەی زایۆنیزمدا هەیە و کۆماری ئیسلامی ئێرانیش بە رێبەرایەتی و فەرمانی عەلی خامنەیی، رێبەری مەزنی کۆماری ئیسلامی، بە توندی لە پشتیوانیکردنی ئەم گرووپە بەنرخ و خۆنەویستە لە بەرەکانی پێشەوەی بەرەی مقاوەمەدا بەردەوام دەبێت."
بە گوێرەی میدیای ئێران، عەبدوڵڵا سەفییەدین، نوێنەری حیزبوڵڵای لوبنان لە تارانیش لە کۆبوونەوەکەدا راپۆرتێکی لەبارەی دۆخی لوبنان، حیزبوڵڵا و بەرەی مقاوەمە پێشکەشی عەلی ئەکبەر ویلایەتی، راوێژکاری باڵای رێبەری ئێران کرد و رایگەیاند، "حیزبوڵڵا ئەمڕۆ لە هەموو کاتێک بەهێزترە و ئامادەیە بەرگری لە یەکپارچەیی خاک و گەلی لوبنان بکات."
عەبدوڵڵا سەفییەدین جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، "حیزبوڵڵای لوبنان لە هیچ بارودۆخێکدا چەکەکانی دانانێت."
بەرپرسەکەی حیزبوڵڵای لوبنان ئاماژە بە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر پێگەکانی ئەو گرووپە لە باشووری لوبنان دەکات و دەڵێت، پێویستە ئیسرائیل و لایەنگرانی بزانن کە "حیزبوڵڵا هەر کاتێک بیەوێ و بڕیار بدات، وەڵامێکی توند و یەکلاکەرەوە دەداتەوە."
کۆبوونەوەی عەلی ئەکبەر ویلایەتی، راوێژکاری باڵای عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ عەبدوڵڵا سەفییەدین، نوێنەری حیزبوڵڵای لوبنان لە تاران و جەختکردنەوەی لەسەر بەردەوامیی پشتگیرییەکانی تاران بۆ حیزبوڵڵا لە کاتێکدایە، لەسەر هەمان مژار ناکۆکییەکانی نێوان تاران و بەیرووت قووڵتر بوونەتەوە و هەفتەی رابردوو، یوسف رەجی، وەزیری دەرەوەی لوبنان بانگهێشتنامەی عەباس عێراقچی، هاوتا ئێرانییەکەی بۆ سەردانیکردنی ئێرانی رەتکردەوە.
لوبنان، پشتگیرییەکانی ئێران بۆ حیزبوڵڵا و لێدوانی بەرپرسانی ئێرانی لەبارەی دۆخی ناوخۆی ئەو وڵاتە، بە دەستوەردان لە کاروباری نێوخۆی لوبنان دەزانێت، بەڵام ئێران رەتی دەکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ