رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی پەروەردەی ئێران دەڵێ، دژی بەردەوامیی داخستنی قوتابخانەکانە بە هۆکاری پیسی هەوا و بڵاوبوونەوەی ئەنفلەوەنزا؛ ئاماژە بەوەش دەکات، داخستنی قوتابخانەکان، چارەسەرێکی کاریگەر نییە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی پیسی هەوا.
عەلی فەرهادی، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی ئێران، بە میدیاکانی ئەو وڵاتەی راگەیاند، ئەو وەزارەتە دژی داخستنی قوتابخانەکانە، چونکە داخستنی قوتابخانە نابێتەهۆی چارەسەربوونی ئەو کێشانەی بەهۆیانەوە قوتابخانەکان دادەخرێن و هەروەها هیچ شێوازێکی وانەگوتنەوەش جێگەی خوێندنی قوتابییان لە قوتابخانە ناگرێتەوە.
عەلی فەرهادی دەڵێ، دەکرێ کێشەی وەک پیسی هەوا لە رێگەی دیکەوە چارەسەر بکرێ و بە داخستنی قوتابخانەکان ئەو کێشەیە چارەسەر نابێت، تەنیا کێشەی زیانگەیشتن بە پڕۆسەی پەروەردەش دێتە سەر کێشەکانی دیکەی ئەو وڵاتە.
گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی ئێران دەڵێت، خوێندن لە رێگەی ئۆنلاینەوە ناتوانێ جێگەی خوێندن بە شێوازی ئامادەبوون لە پۆلەکانی خوێندن بگرێتەوە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیارێکی دروست نییە کە هەر کێشەیەک لەو وڵاتە روویدا، قوتابخانەکان بکرێنە پشوو و داوا بکرێ خوێندن بکرێتە شێوازی ئۆنلاین.
ساڵی نوێی خوێندن لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە 23ـی ئەیلوول دەستپێدەکات. ئەم ساڵ بەهۆکاری وەکو پیسی هەوا، بڵاوبوونەوەی ئەنفلەوەنزا، دابەزینی پلەی گەرما و سەرما زیاتر لە دوو هەفتە قوتابخانەکان کراونەتە پشوو، جگە لەو رۆژانەی بەپێی خشتە پشوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ