رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە فەرمی سەرکۆنەی ئەو "هێرشە تووندوتیژە" دەکات کە لە سیدنی ئاهەنگێکی جووەکانی کردە ئامانج و 12 کوژراوی لێکەوتەوە، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی ئوسترالیا پێشتر ئێرانی بە تێوەگلان لە هێرشەکانی رابردوو تۆمەتبار کردبوو.
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رۆژی یەکشەممە 14-12-2025، لە پۆستێکدا لە ئێکس نووسی: "سەرکۆنەی ئەو هێرشە تووندوتیژە دەکەین لە سیدنیی ئوسترالیا. تیرۆر و کوشتنی مرۆڤەکان، لە هەر شوێنێک بکرێت، رەتکراوە و سەرکۆنەکراوە."
ئەم هەڵوێستەی تاران لەکاتێکدایە، ئەم ساڵ پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و ئوسترالیا بەشێوەیەکی بەرچاو تێکچوون.
لە مانگی ئابی رابردوودا، حکومەتی ئوسترالیا سوپای پاسدارانی ئێرانی بە دوو هێرشی "ئاگرتێبەردان" تۆمەتبار کرد کە لە ساڵی 2024ـدا چێشتخانەیەکی لە سیدنی و کەنیشتەیەکی جووەکانی لە مێلبۆرن کردە ئامانج، هەرچەندە زیانی گیانییان نەبوو.
دوای ئەو رووداوانە، ئوسترالیا باڵیۆزی ئێرانی وەک "کەسی نەخوازراو" ناساند و مۆڵەتی هەفتەیەکی پێدا بۆ ئەوەی لەگەڵ سێ دیپلۆماتی دیکە وڵات جێبێڵن. ئوسترالیا باڵیۆزی خۆیشی لە تاران کشاندەوە و چالاکییەکانی باڵیۆزخانەکەی هەڵپەسارد.
لە مانگی تشرینی دووەمیشدا، حکومەتی ئوسترالیا سوپای پاسدارانی خستە لیستی "پشتیوانیکارانی تیرۆر"، هەنگاوێک کە وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە "سووکایەتی و نادادپەروەرانە" وەسفی کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ