لەدایکبوونی ساڵانەی منداڵ لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ کەمترین ئاست دابەزیوە

6 کاژێر له‌مه‌وپێش
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەپێی راپۆرتی ناوەندی بەدواداچوونی ستراتیژیی دانیشتووانی ئێران، بۆ یەکەمجار ژمارەی لەدایکبوونی منداڵ لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لە ساڵێکدا بۆ کەمتر لە 1 ملیۆن کەس دابەزیوە. 
 
ساڵح قاسمی، سکرتێری ناوەندی بەدواداچوونی ستراتیژیی دانیشتووانی ئێران لە سەمینارێکدا رایگەیاند، لە ساڵی رابردووی هەتاویدا 980 هەزار منداڵ لە هەموو ئێران لەدایکبوون، ئەوە لە کاتێکدایە لە 65 ساڵی رابردوودا کە ئامارەکانی تایبەت بە ژمارەی دانیشتووان لە ئێران تۆماردەکرێن، هیچکات ژمارەی ساڵانەی لەدایکبوونی منداڵ لە 1 ملیۆن کەس کەمتر نەبووە.
 
بە گوتەی ساڵح قاسمی، رێژەی گەشەی دانیشتووان لە 4%ـەوە بۆ 0.5% دابەزیوە و پێشبینی دەکرێ لە ساڵی هەزار و 415ی هەتاوی (2036ی زاینی) رێژەی گەشەی دانیشتووان لەو وڵاتە بۆ سفر دابەزێ و ساڵ بە ساڵ کەمتریش بێتەوە. پێشتر لە بەرامبەر هەر ژنێک لە ئێران 6.5 منداڵ هەبوون، بەڵام ئێستا ژمارەکە بۆ 1.5 منداڵ کەمبووەتەوە.
 
سکرتێری ناوەندی بەدواداچوونی ستراتیژیی دانیشتووانی ئێران لەبارەی زیاتربوونی بەساڵاچوویش هۆشداری دەدات و دەڵێ، رێژەی بەساڵاچوویی گەیشتووەتە سەرووی 14%.
 
ساڵح قاسمی دەڵێ، ئەگەرچی ئەو ئامارانە جێگەی نیگەرانین، بەڵام راپۆرت و ئاماری جێی دڵخۆشی و هیوابەخشیشیان پێدەگات. بەپێی ئەو ئامارانە، لەدایکبوونی منداڵی سێیەم تاوەکو پێنجەم لە خێزانەکاندا 7% تاوەکو 14% زیادیکردووە، مەودای نێوان پێکهێنانی هاوژینی لەگەڵ لەدایکبوونی منداڵ لە پێنج ساڵ و نیوەوە بۆ پێنج ساڵ و مانگێک کەمبووەتەوە؛ دەشڵێت، رێژەی لەباربردنی نایاسایی منداڵیش نزیکەی 40% کەمبووەتەوە.
 
سکرتێری ناوەندی بەدواداچوونی ستراتیژیی دانیشتووانی ئێران دەڵێ، بەدواداچوونێکی مەیدانییان لەبارەی هۆکاری کەمبوونەوەی خواستی پێکهێنانی هاوژینی لەنێو گەنجاندا کردووە و پێچەوانەی ئەوەی دەگوترێ، خواستی هاوژینی لەنێو گەنجان کەمبووەتەوە، لە بەدواداچوونەکەدا بۆیان پشتڕاست بووەتەوە کە گەنجان خواستی پێکهێنانی هاوژینییان هەیە، بەڵام کێشە و گرفتی ئابووری بەربەستی سەرەکییە لە بەردەم پێکهێنانی هاوژینی.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە