رووداو دیجیتاڵ
خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی لە ئێران، پێی ناوەتە دەیەمین رۆژ، مووچەخۆر، کرێکار و کاسب، دژی گرانی رژاونەتە سەر شەقام و درووشم دەڵێنەوە.
لە چەند شارێک، شەڕ و ئاڵۆزیی دروستبوو، بە گوێرەی رێکخراوێکی مافەکانی مرۆڤ، نزیکەی 30 خۆپیشاندەر کوژراون، میدیای ئێرانیش دەڵێ: 250 پۆلیس و 45 بەسیج بریندار بوون.
1200 خۆپیشاندەر دەستگیرکراون
ئاژانسی هەواڵی چالاکڤانانی مافی مرۆ (HRANA) کە بنکەکەی لە ئەمریکایە رایگەیاند، زیاتر لە هەزار و 200 کەس لە خۆپیشاندانەکاندا دەستبەسەر کراون، بەپێی راپۆرتەکە، 29 خۆپیشاندەر، چوار منداڵ و دوو ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژراون.
خۆپیشاندانەکان 250 شوێنی جیاواز لە 27 پارێزگا لە کۆی 31 پارێزگای ئێرانی گرتووەتەوە.
ئاژانسی هەواڵی "فارس"ی نیمچە فەرمیی ئێران، کە بە نزیک لە سوپای پاسداران دادەنرێت، ئەمڕۆ دووشەممە رایگەیاند، نزیکەی 250 کارمەندی پۆلیس و 45 ئەندامی هێزی بەسیج لە خۆپیشاندانەکاندا بریندار بوون. بەڵام حکومەتی ئێران تاوەکو ئێستا هیچ ئامارێکی گشتی یان زانیاری وردی لەبارەی ئاڵۆزییەکان بڵاونەکردووەتەوە.
ئێران بەڵێنی لێکۆڵینەوە لە ئیلام دەدات
درەنگی شەوی رابردوو، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، وەزارەتی ناوخۆی راسپارد بۆ پێکهێنانی تیمێکی تایبەت بە مەبەستی ئەنجامدانی "لێکۆڵینەوەیەکی هەمەلایەنە" لەسەر ئەو رووداوانەی لە پارێزگای ئیلام روودەدەن.
لە شاری مەلەکشایی لە پارێزگای ئیلام، کە 500 کیلۆمەتر لە باشووری رۆژئاوای تاران دوورە، خۆپیشاندەر کوژراون و گرتە ڤیدیۆییە بڵاوکراوەکان نیشانی دەدەن کە هێزە ئەمنییەکان تەقە لە خەڵکی سڤیل دەکەن.
سەرۆکایەتیی کۆمار هەروەها دانی بە "رووداوێک لە نەخۆشخانەیەکی شاری ئیلام"دا نا. لە گرتە بڵاوکراوەکاندا هێزە ئەمنییەکان دەردەکەون کە هەڵدەکوتنە سەر نەخۆشخانەیەک، کە چالاکڤانان دەڵێن "بەدوای خۆپیشاندەراندا گەڕاون."
لێکۆڵینەوە لە رووداوی هێرشکردنە سەر نەخۆشخانەی ئیلام دەکرێت
وەزیری تەندروستیی ئێران بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی دا بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوی هێرشکردنە سەر نەخۆشخانەکەی ئیلام.
پەیوەندییە گشتییەکانی وەزارەتی تەندروستیی ئێران، ئەمڕۆ دووشەممە لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد، لە چەند رۆژی رابردوودا و هاوکات لەگەڵ ناڕەزایەتییەکان "بەداخەوە پەلاماردانی ناوەندە تەندروستییەکان، زیانگەیاندن بە ئۆتۆمبێلە فریاگوزارییەکان و لەنێوبردنی ئامێرە پزیشکییەکان روویانداوە."
وەزارەتەکە دەڵێت، بەتایبەتی دوای ئەو رووداوەی لە نەخۆشخانەی (ئیمام خومەینی)ـی شاری ئیلام روویدا، لەسەر فەرمانی محەممەدرەزا زەفەرقەندی، وەزیری تەندروستی "بە شێوەیەکی جیدی و ورد لێکۆڵینەوە لەو پێکدادانە دەکرێت و لە چوارچێوەی یاسادا بەدواداچوون بۆ ئەنجامەکانی دەکرێت."
وەزارەتی تەندروستیی ئێران لە راگەیێندراوەکەیدا جەخت دەکاتەوە کە نەخۆشخانە، ئەمبوڵانس و کەرەستە پزیشکییەکان سامانی گشتین و دەبێت لە هەموو بارودۆخێکدا "لە هەر جۆرە هێرش، گرژی و ململانێیەک دوور بن و پارێزراو بن."
بڕین یان لاوازکردنی تۆڕی ئینتەرنێت
بۆ زیاتر تەشەنە نەکردنی خۆپیشاندانەکان، حکومەتی ئێران لە چەند ناوچەیەک تۆڕی ئینتەرنێتی نەهێشتووە و لە هەندێ ناوچەی دیکە زۆر لاوازی کردووە.
چەند هاونیشتمانییەکی رۆژهەڵاتی کوردستان کە لە باشووری کوردستان نیشتەجێن و کاری بازرگانی دەکەن، بە تۆڕی میدیایی رووداویان راگەیاند، چەندین جار هەوڵیانداوە پەیوەندی بە نێوخۆی ئێرانەوە بکەن، بەڵام بەهۆی نەبوونی ئینتەرنێت نەیانتوانیوە و کارەکانیان پەکیکەوتووە.
ستار هاشمی، وەزیری پەیوەندییە گشتییەکانی ئێران رۆژی 4-1-2026، وێڕای پشتڕاستکردنەوەی پچڕان و لاوازیی ئینتەرنێت، بە میدیای فەرمیی وڵاتەکەی راگەیاند: "داخران یان فیلتەرکردنی ئینتەرنێت، پەیوەستە بە دۆخی نێوخۆیی وڵات، رێکارە ئەمنییەتییەکان و پاراستنی گیانی هاووڵاتییانەوە."
بەپێی زانیاریی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، لەو ناوچانەی خۆپێشاندان تێیدا بەهێزە، بەتایبەت پارێزگاکانی (لوڕستان، ئیلام و کرماشان) لە رۆژهەڵاتی کوردستان، ئینتەرنێت بە شەو و رۆژ بەتەواوی دەبڕدرێت و لە ناوچەکانی دیکەش زۆر لاواز کراوە.
جوگرافیای خۆپیشاندانەکان
بەپێی زانیارییەکان، لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا، لانیکەم لە 257 خاڵی سەرتاسەری ئێران، خۆپیشاندان، گردبوونەوە یان مانگرتن بەڕێوەچوون. ئەم جووڵە ناڕەزایەتییانە لە 27 پارێزگا کراون و لە هەمان ماوەشدا، 17 زانکۆ بوونەتە مەیدانی ناڕەزایەتییەکانی خوێندکاران.
خۆپیشاندانەکانە لە شارەکانی ئیلام، ئەراک، هەمەدان، ئامۆل، لاهیجان، مەلەکشایی، سمنان، شەلەمزار، بجنوورد، بابۆل، کوشک، یاسووج، پەرەند، تاران، ئەسغەرئاباد، بەندەر گناوە، مەروودەشت، نەجەف ئاباد، ئابادە، ئیسلام ئابادی غەرب (شاباد)، سنە، ساری، فارسان، شاندیز، سونقوڕ و بیرجەند بەڕێوەچوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ