رووداو دیجیتاڵ
دانوستانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە مەسقەتی پایتەختی عومان دەستیپێکردووە و میدیاکانی ئێران دەڵێن، بەشێوەی ناڕاستەوخۆیە.
شێوەی ناڕاستەوخۆ واتە ئەگەرچی لەنێو یەک باڵەخانەدان، بەڵام لایەنی عومانی، پەیامی هەرلایەک بەوەی دیکە دەگەیێنێت.
کۆبوونەوەکە بە سەرۆکایەتیی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بەڕێوەدەچێت.
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ هەینی، عەباس عێراقچی و بەدر بووسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان کۆبوونەوە.
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، لە دیداری نێوان عێراقچی و بووسەعیدی، روانگە و پێشنیازەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران سەبارەت بە تەوەرەکانی دانوستاندن، داواکاری و تێبێنییەکانی ئێران خرانەڕوو.
دواتر کە گەیشتنە شوێنی دانوستاندنەکە، کۆبوونەوەی وەزیری دەرەوەی عومان لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف دەستیپێکرد.
ئاژانسی ئیرنا، میدیای فەرمیی حکومەتی ئێران بڵاویکردەوە، دوای دیداری عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ بەدر بووسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان، گفتوگۆی نێوان ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا و بەدر بووسەعیدی دەستیپێکرد.
لە دیدارەکەدا وەزیری دەرەوەی عومان پەیامی ئێران دەگەیێنێتە شاندی ئەمریکی.
گەڕی نوێی دانوستاندنەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا، ئەمڕۆ هەینی لە مەسقەتی پایتەختی عومان دەستیپێکرد. عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران سەرۆکایەتی شاندی ئێران دەکات و شاندی ئەمریکی لە لایەن ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بەڕێوەدەچێت.
دۆناڵد ترەمپ رایگەیاندووە، ئەگەر دانوستانەکە ئەنجامی نەبێت، "شتی خراپ روودەدات".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ