بەهۆی هێرشێکی چڕەوە دووسایدی قەزوین - زەنجان داخرا

8 کاژێر له‌مه‌وپێش
پەیمان محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
دووسایدی قەزوین-زەنجان کە شاڕێگەی بەستنەوەی نێوان تاران و پارێزگای ورمێیە، بە تەواوی داخرا. جێگری پارێزگاری زەنجان دەڵێت، پردێک و خواردنگەیەک لەسەر رێگەکە کراونەتە ئامانج کە بووەتە هۆی کوژرانی 17 هاووڵاتی.
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 06-03-2026، لە ئەنجامی هێرشێکی چڕدا بۆ سەر دووسایدی قەزوین-زەنجان، رێگەکە بە تەواوی داخرا و ئاستەنگی هاتووچۆی لەنێوان تاران و بەشێک لە پارێزگاکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دروست کرد.
 
عەلی سادقی، جێگری پارێزگاری زەنجان بۆ کاروباری سیاسی و ئەمنی رایگەیاند، تاوەکو ئێستا پردێک و خواردنگەی پاسارگاد لەسەر دووسایدەکە کراونەتە ئامانج کە بەوهۆیەوە رێگەکە داخراوە و 17 کەسیش کوژراون.
 
بەگوتەی جێگری پارێزگار، 12 کەسی دیکەش بریندارن و تیمەکانی بەرگریی شارستانی و شارەوانی سەرقاڵی کردنەوەی رێگەکەن.
 
گرنگیی ئەم رێگەیە بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان چییە؟
 
دووسایدی قەزوین-زەنجان بە شاڕێگەی بەستنەوەی تاران بە باکووری رۆژهەڵاتی ئێران ناسراوە و تەنیا رێگەی بەستنەوەی نێوان پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان و پایتەختە.
 
رێڕەوی دووسایدەکە لە تارانەوە دەستپێدەکات بۆ قەزوین، زەنجان، تەورێز، میاندواو و لەوێشەوە بۆ ورمێ. ئەگەر ئەم رێگەیە دابخرێت، هاتووچۆی نێوان تاران و ورمێ بەتەواوی پەکیدەکەوێت.
 
زۆربەی بارهەڵگرەکان کە لە تارانەوە بەرەو ورمێ و دەروازە سنوورییەکانی دەچن یان پێچەوانەکەی، ناچارن ئەم رێگەیە بەکاربهێنن، بۆیە داخرانی دەبێتە هۆی پەککەوتنی گواستنەوەی کاڵا و کەلوپەلیش لەنێوان ئەو دوو ناوچەیە.
 
هاوکات کاریگەری لەسەر پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستانیش دەبێت، بەڵام کەمتر. بۆ بەستنەوەی سنە بە تاران بەگشتی دوو رێگە هەن. رێگەی یەکەم (سەرەکی) لە تارانەوە دەستپێدەکات بۆ ساوە، هەمەدان و دواتر سنە کە ئەم رێگەیە هیچ پەیوەندییەکی بە دووسایدی قەزوین-زەنجانەوە نییە.
 
رێگەیەکی دیکە بۆ بەستنەوەی سنە بە تاران هەیە کە لاوەکییە، لە پایتەختەوە دەستپێدەکات بۆ قەزوین، زەنجان، بیجاڕ و دواتر دەگاتە سنە کە داخرانی، کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر پەیوەندیی نێوان سنە و تاران نابێ.
  
جەنگی نێوان ئیسرائیل-ئەمریکا و ئێران لە 28ـی شوباتەوە دەستیپێکردووە کە پێی ناوەتە حەوتەم رۆژەوە و تاوەکو ئێستا بەردەوامە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە