رووداو دیجیتاڵ
حەوت رۆژ بەسەر هێرشی ئاسمانیی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆسەر ئێران تێدەپەڕێت. دوای کوژرانی عەلی خامنەیی، لە رۆژی یەکەمی شەڕەکە، ئەنجوومەنێکی سێ کەسی وەکو ئەنجوومەنی کاتیی رێبەریی بۆ راپەڕاندنی ئەرکەکانی رێبەر پێکهاتووە، بەڵام ئەو ئەنجوومەنە هەموو دەسەڵاتەکانی رێبەری نییە و ناتوانێ رۆڵی لێڤەگەڕ (مەرجەع) ببینێت لە ئێران دا.
ئێستا پرسی هەڵبژاردنی رێبەر بە "زووترین کات و بۆ تێپەڕاندنی دۆخی شەڕ" بە گرنگترین پرسی نێوخۆیی ئێران دادەنرێت.
ئەنجوومەنی شارەزایان: هێشتا رێبەر هەڵنەبژێردراوە
ئەندامێکی دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی ئێران دەڵێت، هێشتا رێبەری نوێ هەڵنەبژێردراوە، بەڵام ئەو ئەنجوومەنە سەرقاڵی دەستنیشانکردنییەتی و رەنگە بەزوویی بگاتە ئەنجامی کۆتایی.
موحسین قومی، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی ئێران رۆژی پێنجشەممە 4ی ئاداری 2026 رایگەیاند "پڕۆسەی هەڵبژاردنی رێبەری نوێ خەریکە تەواو دەبێت". هەروەها دەڵێت، هەموو ئەو شتانەی تاوەکو ئێستا بڵاوکراونەتەوە، ناڕاستن و لەسەر بنەمای گومانن، نەک زانیاری.
سادق لاریجانی، سەرۆکی کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش هەمان رۆژ لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای ئێران گوتی، هێشتا رێبەری نوێی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڵنەبژێردراوە.
لاریجانی دەڵێت "بەپێی دەستوور دەبێ بەزووترین کات رێبەر هەڵبژێردرێت، بەڵام ئێستا بەهۆی ئەوەی شەڕ هەیە، زووترین کات بە واتای ئەوەیە، هەرکات ئەنجوومەنی شارەزایان بتوانێت کۆبێتەوە و بڕیاری لەسەر بدات."
میدیاکانی سەر بە سوپای پاسداران پێشتر لە زاری سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاویانکردەوە " لەوانەیە بەهۆی دۆخی شەڕ، کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری بەشێوەی ئاسایی بەڕێوەنەچێت".
ئەو روونکردنەوە دوای ئەوە هات، لە ژمارەیەک دەزگای میدیایی دا لە جیهان دا بڵاوکرایەوە کە موجتەبا خامنەیی کوڕی عەلی خامنەیی لەلایەن ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەرییەوە وەکو سێیەم رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڵبژێردراوە.
چەندین ساڵە دەنگۆی ئەوە هەیە، ئامادەکاری دەکرێت بۆ ئەوەی موجتەبا خامنەیی جێگەی باوکی بگرێتەوە، بەڵام لە دوای دەستپێکردنی شەڕەوە، چارەنووسی موجتەبا خامنەیی دیار نییە.
ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی ئێران تاوەکو ئێستا ناوی ئەو کەسانەی ئاشکرا نەکردووە کە شیاوبوونیان بۆ رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران تاوتوێ دەکات. هەروەها دیار نییە، تاوتوێی ناوی چەند کەس دەکرێت.
نەریتخوازانی میانڕۆ و ریفۆرمخوازان هۆشداری دەدەن
لەگەڵ گەرمبوونی باسی هەڵبژاردنی رێبەری نوێی کۆماری ئیسلامیی ئێران، نەریتخوازان داوای پابەندی بە بڕیاری ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری دەکەن و بەشێک لە میانڕۆکانیش داوادەکەن کەسێک بکرێتە رێبەر کە هەموو لایەنەکان قبووڵیان بێت.
موجتەبا ئەکبەری، گوتەبێژی بەرەی (شەریان) کە بەرەیەکی هێزە نەریتخوازەکانی ئێرانە رۆژی پێنجشەممە گوتی، "هەموو رەوت و حیزب و لایەنە سیاسییەکان دەبێت پشتیوانی لە بڕیاری ئەنجوومەنی شارەزایانی ئێران بکەن لەبارەی هەڵبژاردنی رێبەر".
پێچەوانەی نەریتخوازان، رۆژی پێنجشەممە ریفۆرمخواز و میانڕۆکانی نێو دەسەڵاتی ئێران لەبارەی دیاریکردنی کەسێک وەکو رێبەر کە نوێنەرایەتیی بەشێک لە دەسەڵات بکات، هۆشداریاندا.
مەحموود واعزی، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حیزبی میانڕۆیی و گەشەسەندن و، کەسی نزیک لە حەسەن رووحانی سەرۆککۆماری پێشووتری ئێران دەڵێت، "داهاتووی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەستراوەتەوە بە هەڵبژاردنی رێبەری سێیەمەوە" و دەبێ کەسێک دیاری بکرێت کە "ببێتە هۆی پتەوبوونی یەکڕیزی و خەڵک متمانەیان پێی هەبێت".
هەروەها حوسێن مەرعەشی، سکرتێری (حیزبی کارگوزارانی سازەندەگی) دەڵێت "دەبێ رێبەرێک هەڵبژێردرێت کە هەمووان لەسەری کۆک بن، کەلێنی نێوان خەڵک و دەسەڵات پڕ بکاتەوە و بتوانێ ئێران لەم قەیرانە دەرباز بکات ".
ئەگەری قووڵبوونەوەی ناکۆکیی نێوخۆیی
بەشێک لە بەرپرس و شارەزایانی ئێران لەبارەی ناکۆکییە نێوخۆییەکان لە ئێران هۆشداری دەدەن و دەڵێن، دەبێ لەم دۆخەدا سەرۆککۆمار کەسی یەکەمی وڵاتەکە بێت و هەمووان لەژێر فەرمانی ئەودابن.
عەباس ئاخوندی رۆژی پێنجشەممە پەیامێکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێت "ئەمڕۆ پزیشکییان سەرۆککۆمارە، هەروەها سەرۆکی ئەنجوومەنی رێبەری و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانیشە. ئەو دەبێ فەرماندەیی شەڕ بکات، هەروەها حکومەتیش بەڕێوەببات و هەروا سیاسەتەکانی سیاسەتی دەرەوە دیاری بکات."
بە گوتەی ئاخوندی "شەڕکردن لەگەڵ ئەمریکا بەو هەموو توانایەی هەیەتی، کارێکی ئاسان نییە، نابێ سەرنجەکان لەسەر شەڕەوە بچنە سەر پرسە نێوخۆییەکان".
گرنگیی قسەی ئاخوندی بەهۆی ئەوەیە، لە 1987 تاوەکو 2018 بەرپرسیارێتیی باڵای وەکو وەزیر و بەرپرسی باڵا هەبووە. کەسێکی نزیک بووە لە عەلی ئەکبەر هاشمی رەفسەنجانی، ئێستاش لە حەسەن رووحانی و رەوتی نەریتخوازانی میانڕۆ نزیکە و پەیوەندی نزیکی لەگەڵ عەلی ئەکبەر ناتق نووری هەیە کە کەسایەتییەکی کاریگەری نێو نەریتخوازانی میانڕۆ و ریفۆرمخوازانی نێو دەسەڵاتی ئێرانە.
دەسەڵاتی راگرتنی شەڕ دراوەتە ئەنجوومەنی کاتیی رێبەری
موحسین دێهنەوی، گوتەبێژی کۆڕی دەستنیشانکردنی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند، بڕیاریانداوە دەسەڵاتی راگەیاندنی شەڕ و ئاگربەست و هەروەها دانانی بەرپرسانی باڵای سەربازی بدەنە ئەنجوومەنی کاتیی رێبەری و پێویست ناکات بۆ ئەو بڕیارانە بگەڕێنەوە بۆ کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکان.
بەپێی دەستووری ئێران، بڕیاردان لەسەر ئەو بابەتانە تەنیا لە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی کاتیی رێبەریدا نییە و دەبێ سێ لەسەر چواری ئەندامانی کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەنگی پێبدەن.
کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران 44 ئەندامی هەیە. 35ـیان لەلایەن رێبەرەوە دیاری دەکرێن و ئەوانی دیکەش بەپێی پۆستەکانیان تێیدا دەبنە ئەندام. سەرۆککۆمار، سەرۆکی پەرلەمان، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی، سەرۆک ئەرکانی هێزە چەکدارەکان و ژمارەیەک بەرپرسی باڵای دیکەی ئێران تێیدا ئەندامن.
ئەرکی سەرەکیی کۆڕەکە بڕیاردانە لەسەر ئەو بابەتانەی لە بەرژەوەندیی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی دایە و هەروەها لەکاتی ناکۆکی لەنێوان پەرلەمان و ئەنجوومەنی پاراستنی دەستووردا، کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکان بڕیاری کۆتایی دەدات. هەر ئەو کۆڕەش لەنێو ئەندامانی ئەنجوومەنی پاراستنی دەستووردا، عەلیڕەزا ئەعرافی وەکو ئەندامی رێبەریی کاتی هەڵبژارد.
لەلایەکی دیکەوە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە هەڤپەیڤینێکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ماڵپەڕی ئەکسیۆسدا کە 8 خولەکی خایاند، گوتی کە هەڵبژاردنی موجتەبا خامنەیی وەک جێگرەوەی عەلی خامنەیی بەلایەوە "پەسند نییە".
هەروەها ترەمپ لەوبارەیەوە گوتی "ئەوان کاتی خۆیان بەفیڕۆ دەدەن، چونکە کوڕی خامنەیی وەک کەسێکی کەم کاریگەر تەماشا دەکرێت. دەبێ من بەشداربم لە دیاریکردنی (رێبەر)دا، تەواو وەک ئەوەی بۆ دانانی دیلسی (رودریگێز) لە ڤەنزوێلا کرا".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ