رووداو دیجیتاڵ
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، هێرشکردنە سەر کەشتییەکی بێچەکی وڵاتەکەی لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە، کارێکی "نامرۆڤانەیە" .
سەعید خەتیبزادە، جێگری وەزیری دەرەوە و سەرۆکی ناوەندی لێکۆڵینەوە سیاسی و نێودەوڵەتییەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، کە ئێستا لە هیندستانە، لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا بۆ میدیاکانی ئەو وڵاتە لەبارەی بە ئامانجگرتنی کەشتیی "دنا" لەلایەن سوپای ئەمریکاوە گوتی: "ئەو کەشتییە ئێرانییە لە کاتی گەڕانەوەی لە ئەرکێکی ئاشتییانەدا نووقم کرا، ئەمەش رووداوێکی بەئازار بوو."
خەتیبزادە ئاماژەی بەوە کرد، کەشتیی "دنا" بە بانگهێشتنامەیەکی فەرمی لەلایەن هیندستانەوە بۆ بەشداریکردن لە نمایشێکی سەربازیی دەریایی نێودەوڵەتی لەو وڵاتە بووە و ئامادەبوونی تەنیا لایەنێکی "شێوەیی و دیپلۆماسی" هەبووە، نەک سەربازی. جەختیشی کردەوە کە کەشتییەکە هیچ جۆرە بارێکی سەربازی یان چەک و تەقەمەنییەکی تێدا نەبووە.
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بە تووندی هێرشەکەی ئەمریکای سەرکۆنە کرد و گوتی: "تاکە سەردەمێک کە تێیدا کەشتیی بێچەک لە ئاوە نێودەوڵەتییەکان و دوور لە ناوچەکانی جەنگ بکرێنە ئامانج، سەردەمی نازییەکان بووە؛ بۆیە ئەمریکا بەم کارەی پەیڕەوی رێبازی نازییەکان دەکات."
لە کۆتایی لێدوانەکەی دا، خەتیبزادە باسی لە زیانە مرۆییەکان کرد و گوتی: "ئەمە رووداوێکی زۆر دڵتەزێن بوو، ژمارەیەکی زۆر لە دەریاوانە گەنجەکانمان کە بۆ بەشداریکردن لە مانۆڕێکی نێودەوڵەتی چووبوون، گیانیان لەدەستدا. ئەم کارەی ئەمریکاش بێ وەڵام تێناپەڕێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ