رووداو دیجیتاڵ
دەسەڵاتی دادوەریی ئێران دەڵێت، هیچ کەسێک بە تۆمەتی هەبوونی رۆڵ لە کوشتنی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی پێشووی مەکتەبی سیاسی حەماس دەستگیرنەکراوە.
رۆژی سێشەممە، 6ـی ئابی 2024، ئەسغەر جیهانگیر، گوتەبێژی دەسەڵاتی دادوەری ئێران لە راگەیێندراوێکدا گوتی، لێکۆڵینەوە لە کوشتنی ئیسماعیل هەنییە دەستیپێکردووە و لەگەڵ تەواوبوونیشی ئەنجامەکەی رادەگەیێندرێت.
گوتەبێژی دەسەڵاتی دادوەری ئێران گوتیشی: "تاوەکو ئێستا هیچ کەسێک بەهۆی هەبوونی پەیوەندی بەو کەیسەوە دەستگیرنەکراوە".
سوپای پاسدارانی ئێران دەڵێت، هەنییە لە ئەنجامی ئاراستەکردنی مووشەکێکی کورت مەودا لە دەرەوەی شوێنی مانەوەیەوە کوژراوە.
ئێران و حەماس ئیسرائیل بەکوشتنی هەنییە تۆمەتبار دەکەن و هەڕەشەی ئەوەش دەکەن تۆڵەی دەکەنەوە، بەڵام ئیسرائیل تاوەکو ئێستا هیچ لێدوانێکی لەو بارەیەوە نەداوە.
رۆژی شەممە 3-8-2024 میدیای ئەمریکی بڵاویکردەوە، ئێران زیاتر لە 24 کەسی بە تۆمەتی هەبوونی رۆڵ لە کوشتنی هەنییە دەستگیرکردووە، لەنێویاندا بەرپرسێکی باڵای هەواڵگریی ئەو وڵاتە هەیە.
گوتەبێژی دەسەڵاتی دادوەری ئێران راپۆرتەکەی میدیای ئەمریکای و بە "دەنگۆ" و "نادروست" ناوبرد.
ئەسغەر جیهانگیر ئاماژەی بەوەشکرد: "بە دڵنیاییەوە کۆماری ئیسلامی وەڵامێکی بوێرانەی بۆ تیرۆرکردنی هەنییە دەبێت".
نزیکەی کاژێر 02:00ی بەرەبەیانی رۆژی 31-07-2024 ئیسماعیل هەنییە لە تارانی پایتەختی ئێران کوژرا.
کوشتنی ئیسماعیل هەنییە لە کاتێکدا بوو کە بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمی سوێندخواردنی مەسعود پزیشکیان وەک سەرۆککۆماری ئێران سەردانی تارانی کردبوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ