رووداو دیجیتاڵ
لە ڤیەننای پایتەختی نەمسا، گەڕی چوارەمی گفتوگۆکانی رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران بەڕێوەچوو. سەرۆکی شاندنی دانوستاندنکاری ئێران رایگەیاند، ئەمریکییەکان ئامادەیی خۆیان بۆ هەڵگرتنی بەشێکی زۆری سزاکان دەربڕیوە.
عەباس عێراقچی، سەرۆکی شاندنی دانوستاندنکاری ئێران و جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە کردووە، لیژنە تەکنیکییەکانی تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی سزاکانی ئەمریکا لەسەر ئێران و پێچەوانەکردنەوەی هەنگاوە ئەتۆمییەکانی تاران لە ئەمڕۆوە دەستبەکاردەبن.
گوتەبێژی یەکێتیی ئەوروپاش کە چاودێریی کۆبوونەوەکان دەکات بە ئەرێنییەوە لە کۆبوونەوەکان دەڕوانێت. ئالان جۆرج ماتۆن، گوتەبێژی یەکێتیی ئەوروپا دەڵێت، "شارەزایان بەردەوام دەبن لە گفتوگۆکانیان لە چوارچێوەی تیمی کارکردن. هەروەها یەکێتیی ئەوروپا وەکو هاوئاهەنگیکار و رێگەخۆشکەری گفتوگۆی رێککەوتنی ئەتۆمی، بەردەوام دەبێت لە ئەنجامدانی کۆبوونەوە بەجیا لەگەڵ ئەمریکا و هەموو واژۆکارەکان."
ئایاری 2018، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا وڵاتەکەی لە رێککەوتنی ئەتۆمی کشاندەوە و قۆناخ بە قۆناخ سزاکانی بەسەر ئێراندا سەپاندەوە، لە کاردانەوەی ئەوەشدا، تاران ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆمی بەرزکردەوە.
ئێستا بایدن دەیەوێت ئەمریکا بگەڕێنێتەوە نێو رێککەوتنەکە، بەو مەرجەی کە ئێران بە تەواوی بەندەکانی رێککەوتنەکەوە پابەندبێتەوە، بەڵام تاران داوادەکات سەرەتا واشنتن سزاکانی لەسەر لاببات.
دیپلۆماتە بەشدارەکان باس لەوە دەکەن، لە گەڕی چوارەمی گفتوگۆکاندا هەستیان بەو ئاماژەیە کردووە کە هەردوو لایەنی ئەمریکی و ئێرانی ئامادەن لە پێناو گەیشتن بە چارەسەر بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی، لە کارکردن لەگەڵ وڵاتانی دیکەی جیهانی بەشدار لە رێککەوتنەکە بەردەوام بن.
گوتەبێژی یەکێتیی ئەوروپا لەو بارەوە دەڵێت، "لایەنە بەشداربووەکان لە گفتوگۆکانیان بەردەوامدەبن کە لەسەر چەند ئاستێکی جیاجیا ئەنجامدەدرێن بەو ئامانجەی کە رێککەوتنەکە لە لایەن هەموو لایەنێکەوە بە تەواوی جێبەجێبکرێت و ئەمریکاش بگەڕێتەوە نێو رێککەوتنەکە."
سەرۆکی شاندی دانوستانکاری ئێران ئاماژەی بەوە کرد، ئەوەی لەم کۆبوونەوانەدا بەدیانکردووە ئەوەیە کە هەموو لایەنە بەشداربووەکان جیددین لە زیندووکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی و تارانیش جیددیە لە گەڕانەوە بۆ پابەندبوون بە رێککەوتنەکە، ئەگەر داواکارییەکانی بەدیبهێندرێن کە بریتییە لە هەڵوەشاندنەوەی تەواوی ئەو سزایانەی کە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بەسەریدا سەپاندبوونی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ