رووداو دیجیتاڵ
بە بڕیاری لقی یەکی دادگەی شۆڕشی ورمێ، پێنج بەندکراوی خەڵکی بۆکان بە لەسێدارەدان سزا دران.
بڕیارەکەی دادگە ئەمڕۆ دووشەممە 07-07-2025 بە پارێزەری ئەو بەندکراوانە راگەیێندرا.
سۆران قاسمی، پێژمان سوڵتانی و کاوە ساڵحی هەر یەکێکیان بە سێ جار لە سێدارەدان، رزگار بەیگزادەی بابامیری بە دوو جار لەسێدارەدان و هەروەها تەیفوور سەلیمی بابامیری بە جارێک لەسێدارەدان سزا دراون.
تەیفوور سەلیمی لە مانگی 9ی 2024 بە کەفالەت ئازاد کراوە و چوار کەسەکەی دیکەش لە گرتووخانەی ورمێ بەندکراون.
جگە لە لەسێدارەدان، ئەو پێنج بەندکراوە بە بەندکران بۆ ماوەی 10 و 15 ساڵیش سزا دراون. ئەوان بە چالاکی دژ بە دەسەڵاتی ئێران و ئەندامێتی لە حیزبەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی و هەروەها هاوکاریکردن لەگەڵ ئیسرائیل و دەستهەبوون لە کوشتن تۆمەتبار کراون.
لەو دۆسیەیەدا هەشت هاونیشتمانیی دیکەی دانیشتووی شاری بۆکانیش بە بەندکران و هەروەها سزای نەختی سزا دراون.
ئەو 13 کەسە لە مانگی 4ی ساڵی 2023 لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران بە تۆمەتی هاوکاریکردنی بریندارانی ناڕەزاییەکانی دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی.
تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان دەڵێت، هەموو ئەو سزادراوانە لە کاتی لێکۆڵینەوە و دادگاییکردندا تۆمەتەکانیان رەتکردووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ