رووداو دیجیتاڵ
لە بازاڕی گەورە و مێژوویی تاراندا، قەرەباڵخییەک دەبیندرێت کە ڕۆژ بە ڕۆژ لە زیادبووندایە. خەڵک تەنیا بۆ کڕینی کاڵا و پێداویستیی رۆژانە روویان لە بازاڕ نەکردووە، بەڵکو ئامانجی سەرەکییان مسۆگەرکردنی بەهای پارە و سامانەکەیانە. بەشێکی زۆری ئەو خەڵکە دەڵێن، چیدی متمانەیان بە دراوی وڵاتەکەیان نەماوە، بۆیە پارەکانیان دەکەنە زێڕ.
سامان ئەسەدی، زێڕینگر و دەڵێت: "خەڵک زێڕ بۆ خۆڕازاندنەوە و لەبەرکردن ناکڕن، بەڵکو زێڕ و خشڵ دەکڕن بۆ ئەوەی وەبەرهێنانی پێوە بکەن؛ بۆیە بەڵێ، لەم کاتەدا زێڕ باشترین بژاردەیە بۆ وەبەرهێنان لە وڵاتەکەمان."
هاوکات لەگەڵ بەردەوامیی دابەزینی بەهای تمەن و ترسی سەپاندنی سزای نوێی نێودەوڵەتی، خواست لەسەر کڕینی زێڕ، دۆلار، زیو و تەنانەت دراوی ئەلیکترۆنیش رووی لە هەڵکشان کردووە.
بۆ زۆر کەس، ئەم بابەتە تەنیا پەیوەست نییە بە قازانجەوە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ پاراستنی پاشەکەوتەکانیان لە مەترسیی هەڵاوسان و ناجێگیریی بەهای دراو. بەپێی زانیارییەکانی بازاڕ، ئێستا نرخی یەک گرام زێڕی عەیار 18 بە زیاتر لە 112 ملیۆن تمەن مامەڵەی پێوە دەکرێت.
ئایسان، دانیشتووی تارانە باس لەوە دەکات کە "کاتێک نرخی دۆلار بەردەوام بەرز دەبێتەوە، بۆچی خەڵک پارەکانیان لە بانکەکاندا بهێڵنەوە؟ لەبری ئەوە زێڕ دەکڕن، هەم وەبەرهێنان دەکەن و هەمیش دەتوانن خشڵێکی جوان لەبەر بکەن، بۆ نا؟"
پاڵنەری کڕینی زێڕ تەنیا هۆکاری دارایی نییە؛ هۆکارێکی دیکەش هەیە کە ئێرانییەکان دوودڵن لە باسکردنی، ئەویش ئاسانکاری و توانای گواستنەوەی سەرمایەکەیانە لە ئەگەری هەڵگیرسانی هەر شەڕێکدا.
ئێستا لە ئێران، زێڕ بووەتە قەڵغانێک دژی هەڵاوسان، ناسەقامگیری و ئەو ترسەی کە "داهاتوو چی بەدوادا دێت". ئێرانییەکان جەخت لەوە دەکەنەوە، تاوەکو تمەن بەردەوام بێت لە دابەزین و کەشی سیاسی بە ئاڵۆزی بمێنێتەوە، ئەوان بەردەوام دەبن لە پەنابردنە بەر ئەو سەرمایەیەی کە زۆرترین متمانەیان پێیەتی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ