پرۆسەی هاوژینی لە ئێران 8٪ دابەزیوە؛ 'خواستی منداڵبوون لای ژنان کەمبووەتەوە'

دوێنێ کاژێر 07:08
ئارمان ئەیووب
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ناوەندی ئاماری ئێران رایدەگەیێنێت، لە 6 مانگی سەرەتای ساڵی 1404ـی هەتاویی (21-3-2025 تاوەکو 22-9-2025)، رێژەی هاوژینی لەو وڵاتە نزیکەی 8٪ کەمیکردووە و خواستی منداڵبوونیش لای ژنانی سەرووی 35 ساڵ بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە.
 
مەرزیە وەحید دەستجوردی، سەرۆکی ناوەندی ئاماری ئێران بە میدیای فەرمیی وڵاتەکەی راگەیاندووە، رێژەی منداڵبوون لە ئێران لە دەیەی 60ـی هەتاوی (1981 تاوەکو 1991)، بۆ هەر ژنێک نزیکەی 6.8 منداڵ بووە، بەڵام پاش 11 ساڵ دابەزیوە بۆ کەمتر لە 2.5 منداڵ و ئێستا رێژەی منداڵبوون بۆ هەر ژنێک گەیشتووەتە 1.4 منداڵ.
 
سەرۆکی ناوەندی ئاماری ئێران هۆکاری دابەزینی رێژەی منداڵبوونی بۆ "زیادبوونی مەودای نێوان هاوژینی و منداڵی یەکەم" گەڕاندەوە و گوتی، "ئەو ماوەیە لە ساڵی 2024، بە نێوەندی 4.5 ساڵ بووە و ماوەی نێوان منداڵانی دیکەش بەهەمان شێوە زیادی کردووە، هەروەها خواستی ژنان لە تەمەنی سەرووی 35 ساڵەوە بۆ منداڵبوون بە رێژەیەکی بەرچاو کەمیکردووە."
 
بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم دۆخە، دەستجوردی رایگەیاند، حکومەت پلانی هەیە بۆ هاندانی خێزانەکان بەتایبەتی ژنان، "کارتی هیوا" دابەش بکات. بەپێی پلانەکە لە سەرەتای ساڵی 1405ـی هەتاویی (21-3-2026)، کارتەکە دەبەخشێتە دایکان تاوەکو بۆ ماوەی 24 مانگ، مانگانە بڕی 2 ملیۆن تمەن وەک هاوکاری وەربگرن.
 
پرسی کەمبوونەوەی دانیشتووان لە ئێران بووەتە جێگەی نیگەرانیی بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە. 
 
عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران لە ساڵی 2011ـەوە هۆشداری لەوبارەیەوە دابوو، هەروەها سێ ساڵ دواتر رایگەیاندبوو: "پرسی کەمی دانیشتووان، پرسێکی حەیاتییە کە هیچ دژایەتییەکی لەگەڵ سەلامەتی و تەندروستی دایک و منداڵدا نییە."
 
بەپێی دوایین ئامارە فەرمییەکان، ژمارەی دانیشتووانی ئێران نزیکەی 86 ملیۆن و 194 هەزار کەسە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە