رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئێران لەبارەی دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا رایگەیاند، هەرگیز لە پێگەی لاوازەوە ناچینە نێو دانوستاندن.
ئەمڕۆ شەممە 08-02-2025، عەباس عێراقچی، لە سیمینارێکدا قسەی کرد و رایگەیاند، "تێپەڕاندنی گەمارۆکان پێویستی بە دانوستاندنە، بەڵام لەژێر سیاسەتی زۆرترین گوشار دا نا. ناکرێت دانوستاندن لە پێگەی لاوزەوە بکرێت، چونکە ئیدی ناوی نابێتە دانوستاندن، بەشێوەیەک خۆبەدەستەوەدانە، ئێمە هەرگیز بەمشێوەیە ناچینە سەر مێزی دانوستاندن."
عەباس عێراقچی دەشڵێت، بەشێوەیەکی دروست دۆخی ئێستامان تێپەڕاند و دۆخەکە پێویستی بە تێگەیشتنێکی دروستە. "گەمارۆی ستەمکارانە دژی خەڵک سەپێندراون و بوونەوە بەربەستێکی گەورە لەسەر رێگەی گەشەسەندنی ئابووریی ئێران."
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژە بەوە دەکات، لە بەرامبەر گەمارۆکان دوو ئەرکیان لەپێشە، یەکێک لە ئەرکەکان ئەوەیە کە گەمارۆکان لادەن، "بۆ ئەم مەبەستە دەبێت دانوستاندن بکەین و مامەڵە بکەین. ئەرکی دیکە ئەمەیە کە دەبێت ئەم گەمارۆیانە بێ کاریگەر بکەین کە لێرەدا هەر خۆمانین و دەبێت پشت بە خۆمان ببەستین، ئەمەیان بۆ ئێمە زیاتر کاری لەپێشینەمانە."
عێراقچی دەشڵێت، "دەبێ گەمارۆ سەپێنەکان بێهیوا بکەین و بێ کاریگەرکردنی گەمارۆکانیش ئەرکێکی گشتییە. "ئێران ئامادە نییە لەگەڵ وڵاتێک دانوستاندن بکات کە هاوکات بڕیارنامەی گەمارۆی نوێ واژۆ دەکات."
رۆژی پێنجشەممە، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، سزایان خستووەتە سەر "تۆڕێکی نێودەوڵەتی" کە تۆمەتبارە بە گواستنەوەی نەوتی ئێران بۆ چین، بۆ ئەوەی چالاکییە سەربازییەکانی تاران پارەدار بکات.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لەوبارەیەوە گوتی: "سزاکان تۆڕێکیان بە ئامانج گرتووە کە ملیۆنان بەرمیل نەوتی خاوی ئێرانی، کە بەهاکەیان سەدان ملیۆن دۆلارە، بۆ کۆماری چین گواستووەتەوە."
بەگوێرەی وەزارەتەکە، ئەو نەوتەی لە ئێرانەوە بۆ چین گواستراوەتەوە، "بە نوێنەرایەتیی فەرماندەیی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی ئێران و کۆمپانیایەکی سزادراوی دیکە کراوە کە ناوی سەفەر ئینەرجی جاهان ناما پارسە."
ئەو هەنگاوەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێشتر رایگەیاندبوو، هەڵمەتی "ئەوپەڕی گوشار" دەخەنە سەر ئێران.
رۆژی هەینی، 7ـی شوباتی 2025، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "بڕیارەکەی حکومەتی نوێی ئەمریکا بۆ گوشار خستنە سەر گەلی ئێران بە رێگەگرتن لە بازرگانی یاسایی ئێران لەگەڵ هاوبەشە ئابوورییەکانی نایاسایی و ناڕەوایە و پێشێلکارییە بەرامبەر بیاسا."
ئیسماعیل بەقایی هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو هەنگاوەی ئەمریکا "پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکانە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ