ئێران
بەرزبوونەوەی ئاگرێکی گەورە لەدوای بەئامانجگرتنی کۆگایەکی سووتەمەنی لە تاران. وێنە: Getty Images
رووداو دیجیتاڵ
لە کاتێکدا شەوی رابردوو چەند دامەزراوەیەکی ستراتیژیی نەوتی لە تاران و ئەلبورز کرانە ئامانجی هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و بەو هۆیەوە ژمارەیەک هاووڵاتی کوژران، بەرپرسانی حکومی و پیشەسازیی سووتەمەنیی ئێران جەخت لە "دابینکردنی سەقامگیری"ی سووتەمەنی دەکەنەوە و داوای هێمنی لە هاووڵاتییان دەکەن.
کەرامەت وەیسکەرەمی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای نیشتمانیی دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی ئێران پشتڕاستی کردەوە، شەوی رابردوو چوار دامەزراوەی کۆگاکردنی نەوت و سەنتەرێکی گواستنەوەی بەرهەمە نەوتییەکان لە پارێزگاکانی تاران و ئەلبورز، کەوتوونەتە بەر هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل. بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان، لەو رووداوەدا چوار شۆفێری تانکەری نەوت لەو دامەزراوانە گیانیان لەدەستداوە.
لە بەرامبەر ئەو هێرشانەدا رەزا نەواز، گوتەبێژی کۆمەڵەی خاوەن بەنزینخانەکان رایگەیاند، سەرجەم کەرتی حکومی و کەرتی تایبەت لە زنجیرەی دابینکردن، گواستنەوە و دابەشکردن لەوپەڕی ئامادەباشیدان بۆ ئەوەی هیچ کەلێنێک لە دابینکردنی سووتەمەنی دروست نەبێت.
گوتەبێژەکە ئاماژەی بەوەش کرد، پێشتر و لە ئەزموونی جەنگی 12 رۆژەی رابردوودا، پێشبینیی ئەگەری هێرشکردنە سەر کۆگاکانی نەوت کرابوو، بۆیە "رێکاری پێویست بۆ ئەم دۆخانە گیراونەتەبەر."
بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای نیشتمانیی دابەشکردنی سووتەمەنی و گوتەبێژی بەنزینخانەکان داوایان لە هاووڵاتییان کرد کە گوێ بە دەنگۆکان نەدەن و نیگەران نەبن. ئەوان جەختیان کردەوە کە:
- هیچ کورتهێنانێک لە دابینکردنی سووتەمەنید نییە.
- داوا لە هاووڵاتییان دەکرێت تەنیا بۆ پێویستیی راستەقینە سەردانی بەنزینخانەکان بکەن.
- پێویستە هاووڵاتییان لە کاتی سەردانیکردنی بەنزینخانەکاندا خۆیان لە کڕینی زیادە و هەڵگرتنی بەنزین لە بەرمیل یان دەبەدا بەدوور بگرن.
- بەکارهێنانی کارتی سووتەمەنیی کەسیی رێکارێکی گرنگە بۆ رێکخستنی دابەشکردنەکە.
بەرپرسان جەختیان کردەوە کە پاراستنی سەقامگیریی دابینکردنی سووتەمەنی پێویستی بە هاوکاریی خەڵک هەیە تاوەکو بەنزین بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بە دەست ئەو کەسانە بگات کە بەراستی پێویستیان پێیەتی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ