رووداو دیجیتاڵ
هەفتەیەک دوای جەنگ لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، هێڵی ئینتەرنێت تووشی کێشەی زۆر بووە و تەنیا ئینتەرنێتی نیشتمانی کارایە، بەڵام ئامێرەکانی راکێشانی پارە ATM کار دەکەن و کێشەیان نییە .
وا بڵاوکرایەوە کە لەنێوخۆی ئێران و بەتایبەت لە شارە گەورەکان کێشەی پارەی نەخت یان کاش سەری هەڵداوە، هۆکارەکەشی پچڕانی هێڵەکانی ئینتەرنێت و لەکارکەوتنی سیستەمی بانکیی ئەو وڵاتەیە، بەڵام بەپێی بەدواداچوونی رووداو ئامێرەکانی راکێشانی پارە کێشەیان نییە و خەڵك دەتوانێ لە هەژمارە بانکیەکەیەوە پارە رابکێشێت،بەڵام بۆ هێلی ئینتەرنێت تەنیا هێلی نیشتمانی کار دەکات و نرخی ڤی پی ئێنیش (VPN) زۆر بەرزبووەتەوە .
بەرزبوونەوەی نرخی VPN و لەکارکەوتنی بەشێکیان
لە ئێران ئینتەرنێت لە رێگەی "فلتەرینگی زیرەک"ـەوە چاودێری دەکرێت، ڤی پی ئێنەکان ترافیکی ئینتەرنێت دەگۆڕن بۆ کۆد لە ڕێگەی سێرڤەرێکی دەرەکییەوە دەچنە ناو تۆڕەکان، بەمەش فلتەرەکان دەبڕن، ئێستا زیاتر پرۆتۆکۆڵە نوێیەکانی وەکو (V2Ray) بەکاردێن کە ناتوانرێت بە ئاسانی ئاشکرا بکرێن.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو کە لە هاونیشتمانییانی نیشتەجێی تاران وەری گرتووە، نرخی یەک گێگابایت ڤی پی ئێن لە نێوخۆی ئێران لەنێوان 400 هەزار بۆ ملیۆنێک تمەنە بەرزترینی دەگاتە 6 دۆلار بۆ گێگابایتێک لەکاتێکدا پێش جەنگ یەک گێگابایت بە کەمتر لە دۆلارێک بوو .
هاونیشتمانییەک لە تاران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند:" ڤی پی ئێنەکان بەشێکیان لەکارکەوتوون و کارناکەن، بەڵام هەندێک ڤی پی ئێنی تایبەت لە بازاڕ هەن نرخیان تەنیا بۆ 1 گێگا بایت لە 400 هەزار تمەنەوە دەستپێدەکات بۆ 1 ملێۆن تمەن.''
ئەو هاونیشتمانییە دەڵێ، گرانی نرخی ڤی پی ئێنەکان وایکردووە هەموو کەس نەتوانێ لەو دۆخەدا بیکڕێت.
سێرڤەری ڤی پی ئێنەکان لە دەرەوەی وڵاتەکە بە دۆلار دەکڕدرێن، بۆیە تێچووەکەی لەکاتی جەنگ و ململانێدا لەسەر فرۆشیار و کڕیار گران دەبێت.
ئەو بازاڕە لە ئێراندا بە "مافیای ڤی پی ئێن" دەناسرێت، ساڵانە ملیاران تمەن لەم رێگەیەوە خەرج دەکرێت، سەرەڕای ئەوەش خەڵک ناچارن بۆ دەستگەیشتن بە سۆشیاڵ میدیا و کارەکانیان، باجێکی مانگانەی زیادە (جگە لە پارەی ئینتەرنێت) بدەن بەو کۆمپانیایانەی کە سێرڤەری دەرەکی دابین دەکەن.
هەروەها لەنێوخۆی ئێران و بەتایبەت لە تارانی پایتەخت، تەنیا ئینتەرنێتی نیشتمانی کار دەکات، ئەو ئینتەرنێتە تەنیا بۆ بەڕێوەبردنی کارگێڕی حکومەت و دام و دەزگەکانی وەکو بانک، نەخۆشخانە،پۆستە و هاتووچۆ و بەڕێوەبردنی سیستەمە کارگێڕییەکەی وڵاتەکەیە
کارکردنی ATM لە تاران و شارەکان
لەو هەفتەیەی جەنگدا، ژێرخانی ئێران کراوەتە ئامانج بەڵام هێشتا بانکەکان بێ کێشە کارەکانیان دەکەن،هەموو ئامێرەکانی ATM لە ئێران بە تۆڕێکی یەکگرتووی نیشتمانی بە ناوی "شەتاب" (Shetab) بەستراونەتەوە،ئەمەش رێگە دەدات بە بەکارهێنەران بە کارتی هەر بانکێک بێت، لە هەر ئامێرێکی بانکییەکی دیکە پارە ڕابکێشن یان خزمەتگوزارییەکان بەکاربهێنن، بەهۆی سزاکانەوە، ئەم ئامێرانە کارتی نێودەوڵەتی (وەکو Visa و Mastercard) ناخوێننەوە، ئەو کارتە بانکییانە لەئێران چەندین خزمەتگوزاری لەخۆدەگرێت لەوانە راکێشانی پارە بەڵام لە سنووری 200 هەزار تمەن لە رۆژێکدا بۆ کارتێک، هەروەها خزمەتگوزاری ناردنی پارە لە کارتێکەوە بۆ کارتێکی دیکە، پارەی پسوولەی کارەبا، ئاو، گازیش هەر بە کارتە بانکیەکانەوە دەرێت .
تەنیا لە تاران زیاتر لە 20 هەزار ئامێری راکێشانی پارە هەن بەهۆی هەڵئاوسانی بەرز و بەهای نزمی دراو، زۆرجار ئامێرەکان و بانکەکان تووشی کێشەی نەختینە دەبن.
هاونیشتمانییەک لە تاران بە رووداوی راگەیاند:" هەفتەیەک دوای جەنگ ئامێری ATM لکار دەکات و کێشەی کڕینی کەل و پەل نییە .''
ئەو هاونیشتمانییە دەڵێ :" کەلوپەل زۆر گرانە"، بەڵام پشتڕاستیکردەوە کارتە بانکییەکان و ئامێرەکان بێ کێشەن و کار دەکەن، هەروەها بەنزینخانەکانیش تاوەکو ئێستا کێشەیان نییە و کار دەکەن .
دۆخی ئابووری ئێران چەندین ساڵە بەهۆی سزاکانەوە لەوپەڕی خراپیدایە،نرخی تمەن بەرامبەر دۆلار رۆژانە دادەبەزێ.
عەلی خامنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران،پێش کوژرانی بە چەند رۆژێک لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ خەڵک گوتی:" کێشەی ئێمە ئەوکاتە چارەسەر دەبێ لەگەڵ ئەمریکا کە باج بدەین.'' روونی کردەوە کە دواتر ئەمریکا بەهەنگاو مەبەستییەتی باج لەسەر ئێران زیاد بکات و دواتر دەچێتە قۆناخی گۆڕینی یاسا و رێکارەکان، بەڵام ئەمریکا ئێران بە هۆکاری چەندین کێشە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەزانێ، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا هۆکاری سەرەکی هێرشکردنە سەر ئێرانی گەڕاندەوە بۆ ئەوەی وڵاتەکە نزیک بووە لەوەی دەستی بگاتە چەکی ئەتۆمی، هەروەها رۆژی سێشەممە 3-3-2026 رایگەیاند:" ئەگەر ئێمە هێرشمان نەکردبایە سەر ئێران، ئەوان دەیانکرد .''
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ