رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی کۆمەڵەی مانگی سووری ئێران دەڵێ، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلدا، لانیکەم 11 کارمەندی تەندروستی کوژراون و 33ـی دیکەش بریندار بوون؛ ئاماژە بەوەش دەکات، زیان بەر زیاتر لە 9500 شوێنی سڤیل کەوتووە.
رۆژی یەکشەممە 08-03-2026، پیرحوسێن کۆلیوەند، سەرۆکی مانگی سووری ئێران دوایین ئاماری زیانەکانی هێرشی ئیسرائیل و ئەمریکای بۆ سەر ئیران راگەیاند.
بەگوتەی پیرحوسێن کۆلیوەند، لە سەرەتای جەنگەوە، زیان بەر 7943 یەکەی نیشتەجێبوون کەوتووە.
وەک سەرۆکی مانگی سووری ئێران گوتی، هەر لەو ماوەیەدا، بەهۆی هێرشەکانەوە، 1617 یەکەی بازرگانیش بە تەواوی خاپوور کراون، هەروەها 32 نەخۆشخانە و ناوەندی تەندروستیش زیانیان بەرکەوتووە.
پیرحوسێن کۆلیوەند باسی لە زیانەکانی 65 قوتابخانە و 13 بنکەی سەر بە کۆمەڵەی مانگی سووری ئێرانیش کرد و ئاماژەی دا، ''نزیکەی 15 ئۆتۆمبێلی رزگارکردن و 13 ئەمبوڵانسی بنکەکانیشمان بەهۆی بۆردوومانەکانەوە لەکارکەوتوون.''
سەرۆکی مانگی سووری ئێران دەڵێت، لە نۆ رۆژی جەنگدا، 11 کارمەندی کەرتی تەندروستیش بەهۆی بۆردوومانەکانەوە کوژراون و 33ـی دیکەش بریرندار بوون.
جەنگی ئەمریکا-ئیسرائیل و ئێران پێی ناوەتە نۆیەم رۆژەوە و تاوەکو ئیستا بەردەوامە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ