رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی تەندروستی و مانگی سووری ئێران نوێترین ئاماری قوربانیانی هێرشە ئاسمانی و مووشەکییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلیان بۆ سەر وڵاتەکەیان بڵاوکردەوە و رایدەگەیێنن، زیاتر لە 10 هەزار کەس بوونەتە قوربانی.
حوسێن کرمانپوور، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ئێران رایگەیاند، لە سەرەتای دەستپێکردنی هێرشەکانەوە تاوەکو ئێستا 1221کەس گیانیان لەدەستداوە و ژمارەی بریندارەکانیش گەیشتووەتە نێوان 9 بۆ 10هەزار کەس.
ئاماژەی بەوەش داوە کە تەنیا لەنێو بریندارەکاندا، 700 کەسیان تەمەنیان لە خوار 18ساڵییەوەیە.
هاوکات پیرحوسێن کوللیوەند، سەرۆکی کۆمەڵەی مانگی سووری ئێران لەبارەی زیانە مەدەنییەکانەوە گوتی: "بەپێی هەڵسەنگاندنە مەیدانییەکان، تاوەکو ئێستا 9 هەزار و 669 یەکەی نیشتەجێبوون و بازرگانی زیانیان بەرکەوتووە."
سەرۆکی مانگی سوور ئاشکرای کرد کە هێرشەکان ناوەندە تەندروستی و پەروەردەییەکانیشیان گرتووەتەوە، بەم شێوەیە:
32 ناوەندی تەندروستی و دەرمانخانە زیانیان بەرکەوتووە.
65 قوتابخانە و ناوەندی خوێندن بەشێوەی گشتی یان نیمچەیی زیانیان پێگەیشتووە.
28 ئۆتۆمبێلی فریاگوزاری (ئەمبووڵانس و ئۆتۆمبێلی رزگارکردن) تێکشکاون.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێنراوەکەدا هاتووە کە تیمە پزیشکییەکان لە کاتی ئەرکەکانیاندا بوونەتە ئامانج، بە جۆرێک 11 کارمەندی تەندروستی گیانیان لەدەستداوە و 33 کارمەندی دیکە لە کاتی کارکردندا بریندار بوون.
ئەم ئامارانە لەکاتێکدایە کە هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ژێرخانی وزە و ناوچە جیاجیاکانی ئێران بەردەوامن و مەترسیی بەرزبوونەوەی ژمارەی قوربانییەکان لە ئارادایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ